ڕێکخستنەکانی ژنانی قامیشلۆ و حەسەکە کوشتنی ئایا محەمەد شەرمەزار دەکەن

ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە و ڕێکخراوی سارای شاری قامیشلۆ بە لێدوان و ڕێپێوان کوشتنی ئایا محەمەد'یان شەرمەزار کرد.

حەسەکە

 

دوێنێ، کچێکی ١٥ ساڵ بە ناوی ئایا محەمەد لە گەڕەکی نەسرەی شاری حەسەکە لەلایەن باوکییەوە کوژرا، ئەمڕۆش ڕێکخراوی کۆنگرەی ستاری کانتۆنی حەسەکە، بە ڕێپێوانێکی جەماوەری کوشتنی ئایا'یان شەرمەزار کرد و داوای سزای بکوژەکەیان کرد.

 

بەشداربووانی ڕێپێوانەکە ئاڵای کۆنگرەی ستار و پانکارتی "نابۆ کوشتنی ژنان، کۆمەڵگەی باوکسالار کۆمەڵگەیەکی بکوژە، ژن ژیان ئازادی"یان بەرز کردەوە، ڕێپێوانەکە لە بەردەم مەیدانی جودی لە گەڕەکی کەلەسی دەستیپێکرد و لە بەردەم ماڵی ئایا کۆتایی پێهات و بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژە بەوەکرا کە کوشتن لە شاری حەسەکە زیادی کردووە، ئەو ئەقڵیەتەی ئادا و ئایای کوشت، هەمان ئەقڵیەتی بکوژی هەڤرین و زەهرا و دایکەیە ئامینەیە.

هەروەها هاتبوو: عەقڵییەتی پیاوسالاریی ژنان بە ئامانج دەگرێت، بەناوی شەرەفەوە بە مافی خۆی دادەنێت، بەڵام وەک ژنان ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین و هەڵوێست نیشان دەدەین.

قامیشلۆ

 

بۆ هەمان مەبەست، ڕێکخراوی سارا بۆ تێکۆشان دژی توندوتیژی سەر ژنان لە شاری قامیشلۆ بە دروشمی "دوێنێ ئادا بوو، ئەمڕۆ ئایا و سبەی کێیە؟" بە بەشداری هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە، لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: هەفتەیەک تێنەپەڕیوە بەسەر کارەساتەکەی پێشوودا، تا کارەساتێکی دیکە ڕووبدات، شۆکێکی گەورەتر بوو ئەو تراژیدیای ئەمڕۆ بەسەر ئایا محەمەددا هات، ئەمەش کوشتنێکی نوێیە لە زنجیرەیەک تاوانی دژ بە ژنان لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ڕوو لە زیادبوونە.

 

هەروەها هاتبوو: ئەمە تاوانێکی دڕندانەیە دژ بە مرۆڤایەتی و منداڵان، ئەم کردەوە دڕندانەیە جگە لە بەرهەمی دابونەریت و دابونەریتی کۆن و عەقڵییەتی پیاوسالاری هیچی دیکە نییە، بۆیە بانگ لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین لە جیهاندا کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەیەنن.

ت.پ