ڕێکخراوی ڕووناک بۆ وەستاندنی سزای لەسێدارەدان بانگەوازی کرد
ڕێکخراوی فیدراسیۆنی ژنانی ڕۆژهەڵات "ڕووناک" بانگەوازی لە ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و هێزە سیاسییەکان کرد، پێکەوە کاربکەن بۆ وەستاندنی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانیان و پاراستنی مافەکانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی فیدراسیۆنی ژنانی ڕۆژهەڵات "ڕووناک" بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو پشتگیریی خۆی دەربڕی لە تێکۆشانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، هەروەها پشتگیریی لە بانگەوازەکەی دایکانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لەپێناو وەستاندنی سزای لەسێدارەدان.
بانگەوازەکەی ڕێکخراوی ڕووناک بەم جۆرەیە:
"ڕێکخراوی "ڕووناک" وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ، بە بڕیارێکی ڕوون و هەڵوێستێکی فەرمی، پشتیگری تەواوی خۆی دەردەبڕی لە خەبات و تێکۆشانی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکان، ئازادییە مەدەنییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. هاوکات ڕێکخراوەکەمان بە پیر بانگەوازی دایکانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەچێ، لە پێناو پاراستنی ژیانی گەنجان، کە مەترسی حوکمی لەسێدارەدانیان لەسەرە لە ئێران. ئێمە پێمان وایە کە پاراستنی مافەکانی ژنان بەشێکی دانەبڕاوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤە بە گشتی.
لە هەمانکاتدا، ڕێکخراوی ڕووناک هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆی دەردەبڕی بۆ هەموو ئەو زیندانیانەی کە بەهۆی بیر و ڕای جیاواز، چالاکی مەدەنی یان هەڵوێستی سیاسیانەوە زیندانی کراون. ئێمە ئەم جۆرە بەندکردنانە بە شێوەیەکی ڕوون بە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و سنووردارکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان دەزانین.
ڕێکخراوی "ڕووناک" بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و توند، دژایەتی سزادانی مەرگ (سێدارە) دەکات، ئەم سزا قورس و نەگونجاوە بە پێشێلکارییەکی گەورەی مافی ژیان دادەنێت.
ڕێکخراوی ڕووناک داوای وەستانی یەکجاری هەموو جۆرەکانی سێدارە دەکات. هەروەها بانگەوازی دەکەین بۆ گەڕانەوە بۆ سیستمێکی دادوەری کە بنیاتنراو بێت لەسەر مرۆڤایەتی، دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان.
ڕێکخراوەکە لە ڕوانگەی بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نێونەتەوەییەوە، بانگەوازی فەرمی لە هەموو ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێونەتەوەییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، بە هەر هەر بیرو باوەڕێکەوە بن، بە هاودەنگی و هاوئاهەنگی کاربکەین بۆ ئازادکردنی بێ مەرجی زیندانیانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە هەموو شێوەکانی سزادانی مەرگ. هەروەها دەنگمان بڵند بکەین بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی مافەکانی ژنان و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.
ڕێکخراوی "ڕووناک" جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کار و تێکۆشانی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک ی دادپەروەر، ئازاد و یەکسان. هەروەها تێدەکۆشێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هەموو هێزە خەباتکارەکان تا بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکان".