ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵات پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا ڕاگەیاند
پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاند، کردەوەکانی گرووپە چەتەکان هەر هەمان داعشە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دەستکەوتەکانی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هێرشی گروپە چەتەکانی ئەنقەرە و دیمەشق بۆسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
ئەو ڕێکخراوانە لە پەیامەکەیاندا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە جیهانییەکان کرد، هەنگاوی جددی بنێن بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و گوتیان: "ئەو تاوانانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن نیشاندەری هەمان بیری توندڕەوییە کە پێشتر لەلایەن داعشەوە پەیڕەو دەکرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، ژنان وەک شەڕڤان لە بەرەکانی بەرگری و وەک دایک و کچ، هەمیشە قوربانی سەرەکی ئەم هێرشانەن، بۆیە پێویستە ڕێکاری کرداری بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکان بگیرێتە بەر.
واژۆکەرانی ئەم ڕاگەیاندراوە پێکهاتبوون لە؛ ڕێکخراوی ئازادی ژنانی کوردستان 'نینا'، ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، ڕێکخراوی ژنانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 'کژار' و یەکێتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران.