ڕێکخراوەکان: پێویستە پەرلەمان ڕێگریبکات لە سوکایەتیکردن بە ژن بە پاساوی ڕەخنەگرتن.
ئەمڕۆ لە سەردانێکدا بۆ پەرلەمان، ژنانی ١٦ لایەنە سیاسییەکان داوایان کرد ڕێکاری یاسایی بگیردرێتە بەر دژ بە پەرلەمانتاری یەنەکە، کە لە کۆبوونەوەیەکدا سوکایەتی بە ژنان کرد.
ناوەندی هەواڵ
نوێنەری تۆڕی ١٦ ڕێکخراوی ژنانی حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە سەردانێکیاندا داوایان لە پەرلەمان کرد ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان هاوڕێ مەلا ستار بگرێتە بەر، دژ بەو هەڵوێستەی لە کۆبوونەوەی ٣١ی مانگی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا نواندی و لە خراپی بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی بەوەدا "حکومەتی هەرێم حکومەتێکی مێینەیە و ناتوانێت داخوازی هاوڵاتیان پڕبکاتەوە"، هەر لەهەمان کاتدا لەلایەن ژنان و کۆمەڵگەوە کاردانەوەکان دەستیان پێکرد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان، لەنجە دزەیی ئاماژەی بەوەدا: لیژنەی ژنان و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی ڕێكاری یاسایی و پەیڕەوی لەبەرامبەر ئەو پەرلەمانتارەی یەنەكە بگرنە بەر كە حكومەتی بە “مێیینە” شوبهاندوە و سوكایەتی بەژن كردووە.
ئەو لیژنەیە یاداشتەکانیان لە تۆڕی ڕێکخراوەکان وەرگرتووە و کاری لەسەر دەکەن.
هەر لە کۆنگرەکەدا ئەندامی تۆڕی ڕێکخراوەکانی ژنانی لایەنە سیاسییەکان، ڤیان سلێمان باسی لە داواکارییەکانیان کرد و وتی: یاداشتێكمان داوەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی داكۆكیكردن لەمافەكانی ژنان، تیایدا داوای گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دەكەین بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە، داواش دەكەین حكومەت و پەرلەمان ڕێگری بكەن لەوەی وەها كەسانێك بەپاساوی ڕەخنەگرتن سوكایەتی بەژنان بكەن و بە وشەی نەشیاو دەستدرێژیان بكەنە سەر.
ت.پ