کۆڕێک بۆ ناساندنی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان سازکرا

ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، لە سلێمانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەک چالاکوان و نوسەر و ژنانی ئازادیخواز، کۆڕێکیان بۆ ناساندنی ڕێکخراوەکەیان ئەنجامدا.

سلێمانی

 

دوێنێ ٣١ی ئایار، لە ئۆفیسی ڕێکخراوی ئازادبوون، لە سلێمانی، بە دروشمی " یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان"  ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان کۆڕێکیان بۆ ناساندنی ڕێکخراوەکەیان سازکرد، لە کۆڕەکەدا دەربارەی بوونی ڕێکخراوێکی خەباتگێڕ کە بۆ پرسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان کاردەکات گفتوگۆیان کرد.

 

لە سەرەتای کۆڕەکەدا شنە علی، وتەبێژی ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان، کارنامەی کاری ڕێکخراوەکەی خوێندەوە و تێیدا چوارچێوەی کار و پلانی ڕێکخراوەکەی بە فراوانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەدا، کە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ئەورووپاش ئەندامیان هەیەو خۆیان بە درێژەپێدەری ڕێکخراوی ژنان دەزانن و تەواوی ئەندامەکان ژمارەیان ٣٤ ئەندامە.

 

وتیشی:  ژمارەیەک ژنی ئازادیخواز ئەم ڕێکخراوەیان دامەزراندووە ، کەبەرنامەیان کارکردنە لەناو خەڵک و بەتایبەت ژنان بۆ درووستکردنی بزوتنەوەیەکی ڕاستەقینە کەدەیەوێت هەڵقوڵاوی ناڕەزایەتیەکان و دژی هەر ستەم و بەپلە دوو دانانی ژنان بێت، ڕێکخراوی سەربەخۆ پێیوایە ئەو خەباتەی پێویستە کەدەتوانێت گۆڕانکاری ڕیشەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردستان درووست بکات، بۆشایی هەیە دەلیلیش بۆ ئەم بۆشاییە نەبوونی هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیە لەسەر سەحنەی سیاسی کوردستان، کەبەتەواوی کاریگەری هەبێت لەسەر پرسە چارەنووس سازەکان کەژنان تێیدا وەک ژنی ئازاد بتوانێت کاریگەری دروست بکەن و پابەندنەبن بەو نەریتە کۆنەخوازانەی کە ژنان لە پلەی دوودا بهێڵێتەوە.
 

بەهار مونزیر، ئەندام لەدەستەی بۆردی ڕاوێژکاری ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی کەتازە ڕاگەیەنراوە، هەروەها لە ١٢ی نیسانی ئەم ساڵدا کۆنفرانسێکی ڕێکخست، لەو کۆنفرانسەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندام و دامەزرێنەرانی ڕێکخراوەکە بەشداربوون، لەناو کۆنفرانسەکەشدا کار و کارنامەیەک بڕیاری لەسەردرا، هەروەها ئەوەی بۆچی لەئێستادا ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان هەیە لەبەرئەوەیە پێمان وایە هەمیشە بۆشاییەک هەبوە بۆ دروستکردنی ڕێکخراوێکی خەباتگێڕ، کەبتوانێت لەسەر پرسەکانی ژنان کاربکات و بشتوانێت دەنگێکی بەهێزبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەروەها بتوانێت لەناو ژناندا بێت، ئەوەش ئامانجی سەرەکی ڕێکخراوەکەیە.

 

وتیشی: ناتوانین بڵێین هەمان ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنانە بەڵام دەتوانین بڵێین خاوەنی هەمان نەریتی کارکردنە، کە هەردوو مێژووەکە جیاوازن و ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە، هەرچەندە درەنگ دەستمان پێکردوە و ئەبوایە زووتر دەستمان پێبکردایە ، نەدەبووش لەوەندە زیاتر درەنگ بکەوین چونکە ئێستا کاتی بوو، ئێمە ئەشبینین لەسەرئاستی هەرێمی کوردستاندا بەتایبەتی لەم ٥ ساڵەی کۆتاییدا بارودۆخی ژنان لەئاستێکی زۆر خراپدایە و پرسەکەش تائێستا نەبووە بەپرسێکی گشتی، بەڵک زیاتر لە چوارچێوەی نوخبەیەک و کاری ڕێکخراوەکاندا ماوەتەوە، بۆیە ئامانجی سەرەکیمان لەدروستکردنی ئەم ڕێکخراوە ئەوەیە بتوانین ئەم پرسە تەنها لەناو نوخبەیەکدا نەبێت بەڵکو ببێتە پرسێکی گشتی و ژنان لە دەوری کۆببنەوە.

 

لەکۆتایی قسەکانێشدا بەهار مونزیر وتی: کارنامەمان ئەوەیە بەشێوەیەکی بەرفراوان بتوانین کارەکانمان بگەیەنینە ژنان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئێمە لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان لە هەولێر، کۆیە، کەلار، سلێمانی، ڕانیە ئەندامان هەیە.