ژنانی زیندانی ئێڤین پشتیوانی خۆیان بۆ شۆفێرانی مانگرتووی کورد و ئێران دەردەبڕن
ژنانی زیندانیی سیاسیی ئێڤین ڕایانگەیاند، ستایشی خۆراگری شۆفێرانی مانگرتوو دەکەین، کە دژی حکومەت هاتوونەتە دەنگ، مانگرتنی شۆفێران بەشێکە لە خەباتی بەرفراوانی خەڵکی چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

ناوەندی هەواڵ
ماوەی ١٢ ڕۆژە لە سەرانسەری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆفێرانی بارهەڵگر دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی کەمکردنەوەی پشکی گاز، بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە، نرخی کەمی بارهەڵگر، بەرزبوونەوەی تێچووی چاودێری ئۆتۆمبێل و نەبوونی ئاسایشی پێویست، بەو هۆیەوە ٢٠ کەس دەستگیر کران و ١١ کەس لەوانە کوردن.
گوڵرۆخ ئیرایی، ناهید خوداجۆ و نەسرین خەزرجەوادی، زیندانیانیی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بۆ پشتیوانییکردن لە شۆفێرانی مانگرتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ستایشی خۆراگری شۆفێرانی مانگرتوو دەکەین، کە دژی حکومەت هاتوونەتە دەنگ و پشتیوانی خۆمان بۆ داواکارییەکانیان دەردەبڕین.
ئاماژە بەوەشکراوە، مانگرتنی شۆفێران بەشێکە لە خەباتی بەرفراوانی خەڵکی چەوساوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئێمە ئازارێکی هاوبەشمان هەیە، ڕێگای ڕزگاریمان بەندە بە بەرگری، هاوسۆزی و یەکگرتن.
باس لەوەشکراوە، داوا لە خەڵکی ئازادیخواز دەەکەین پشتگیری بەرفراوانی خۆیان بۆ ئەو شۆفێرانە دەرببڕن و داوا دەکەین دەستبەخێی شۆفێرە دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران ئازاد بکرێن.