"بە ئیرادەی بەکۆمەڵ، کوشتنی شەرەف کۆتایی دێت"

ڕژێمی ئێران هانی پیاوان دەدات ژنان وەک موڵکی خۆیان سیر بکەن، ڕۆژانە کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف ڕوو لە زیادبوونە.

شەهلا محەممەدی

 

ناوەندی هەواڵ- دوای سەرکوتکردنی شۆڕشی ژنان و درێژەی ناڕەزایەتی ژنان، سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ژنان و کوشتنیان بە ناوی شەرەفەوە چڕتر کرایەوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ ژن بە دەستی باوک، برا، هاوسەر یان یەکێک لە خزمەکانیان کوژراون.

 

بە دڵنیاییەوە ئامارە ڕاستەقینەکان زیاترن لەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، سەرەڕای هەوڵی چالاکوانانی مافی ژنان، کوشتن و خۆکوشتنی ژن لەژێر گوشاری بنەماڵەدا لە سەرتاسەری ئێران بەردەوامە و هەواڵی تاوانێکی لەو شێوەیە بە ئەنقەست لە میدیاکانەوە بڵاو ناکرێتەوە.

 

هەروەها لە نەبوونی دامودەزگاکان کە بە ڕوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان بخەنەڕوو و شێوە جیاوازەکانی کوشتنی ژنان دیاری بکەن، کوشتنی شەرەف زیاتر دەبێت.

 

لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆیەکمان لەگەڵ دکتۆر ڕیزوان موقەدەم، کۆمەڵناس و یەکێک لە دامەزرێنەرانی هەڵمەتی وەستاندنی کوشتنی شەرەف ئەنجامدا، هەروەها هەڵسەنگاندنمان بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە کوشتنی ژنان کرد.

 

"کاتێک پیاوان یاساکان دەگرنە دەست، بچووکترین ناڕەزایەتی لەلایەن ژنانەوە بە شایستەی مردن دادەنرێت"

ڕیزوان موقەدەم، ئاماژەی بە کەمبوونەوەی کوشتنی شەرەف لە چەند مانگی یەکەمی شۆڕشی "ژن، ژیان،ئازادی"، بەڵام چڕبوونەوەی دوای شۆڕش، کرد و وتی: " کەمبوونەوەی کوشتنی شەرەف لە ماوەی ٦ بۆ ٧ مانگی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، جێگەی دڵخۆشی بوو، بەڵام لە ٣ مانگی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆر کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف بەدیکرا، لە ڕۆژانی شۆڕش، ئومێدی ئازادیی بۆ کۆمەڵگە، پاڵنەر بۆ ژیان و گۆڕانکاری گەڕابووەوە بۆ خەڵک، واتە هیوایان خواست کە گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگادا بکرێت، ئەگەر کەسێک بیرکردنەوەیەکی نەریتی و کۆنەپەرستانەی هەڵەی هەبوایە، کاتێک هەموو قەرەباڵغییەکەی لە شەقامەکەدا دەبینی، کاریگەریی لەسەر دەبوو."

 

وتیشی: " لە ماوەی شۆڕشدا ژنان زیاتر ئاگاداری مافەکانیان بوون، ژنان درکیان بەوە کرد کە جەستەیان هی خۆیانە و کەس مافی ئەوەی نییە کۆنتڕۆڵی بکات و بە نافەرمانی مەدەنی بەرەنگار بوونەوە، برەودان بە چەشنە ڕەگەزپەرستی و پڕوپاگەندەی ترسناک لە یاسای پاکیزەیی و حیجاب کە ٧٠ مادەیە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی دادوەری پەرلەمانەوە پەسەند کرا، کاتێک پیاوان دەست بەسەر یاساکاندا دەگرن، بە بچووکترین نافەرمانی مەدەنی کە ژنان لە ماڵەوە ئەنجامی دەدەن بە شایستەیی مردن دادەنرێت، یاساش پشتگیریان دەکات و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان."

 

" تا دەردەکە نەزانین، ناتوانین چارەسەری بکەین"

ڕیزوان موقەدەم، بە ئاماژەدان بە یاساکانی هاندانی کوشتنی ژنان وتی: "هەژاری و نەهامەتی لە کۆمەڵگە لە لایەک و یاسای دژە ژن و جیاکارییەکان بەشێکی سەرەکین لەو هۆکارانەی کە توندوتیژی دژی ژنان زیاد دەکەن، دەبێتە هۆی کوشتنی شەرەف، لە ڕاستیدا ئامارەکان زۆر زیاترن لەوەی کە بۆ میدیاکان باس دەکرێن، بەڵام پزیشکی دادوەری ئاماری وردتری لەبەردەستدایە، کاتێک ئێمە تا دەردەکە نەزانین، ناتوانین هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی بگرینەبەر."

 

ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەوڵی ژمارەیەک کەس بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی پیاوسالاری، وتی: "هێشتا ڕژێم دەیەوێت ئەو دەسەڵاتە بپارێزن کە چەندین سەدە لە دەستیاندایە، ئەو بەشە تەقلیدی و پیاوسالارییەی کۆمەڵگا دەیەوێت بەردەوام بێت لە کۆنترۆڵکردنی ژنان، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی، بە پێی دەستورێکی هەڵە کە لە ساڵی ١٩٥٧ پەسەند کرا و زۆرینەی خەڵک و حزب و گروپەکان دەنگیان پێدا بەبێ ئەوەی گرنگی بە کاریگەرییەکانی بدەن."

 

"پێویستە پیاوانی کۆمەڵگا ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف "

ڕیزوان موقەدەم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "هێشتا بەشێک لە پیاوەکانی ناو کۆمەڵگە لە ژێر کاریگەری بانگەشە و دروشمەکانی ڕژێمی ئێران بوون، وەک "حیجاب نەکردنی ژن لە بێ دەسەڵاتی پیاوانە، ژنەکەت شەرەفی تۆیە"، بەڵام پیاوانی کۆمەڵگە ئەم بابەتە بە سووکایەتیکردن بە خۆیان دەزانن، بۆ نموونە لە بواری حیجابدا کە ٤٣ ساڵە حکوومەتی ئێران جەختی لەسەر دەکاتەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوشتنی نامووسەوە هەیە کاتێک ژینا ئەمینی بە هۆی حیجابەکەیەوە کوژرا، دەتوانین پێی بڵێین کوشتن لەلایەن حکومەت لەژێر ناوی شەرەف، چونکە حکومەت دەڵێت ژن شەرەفی ئیسلامە، پێیان وایە بەو شێوەیە شەرەفی کۆمەڵگە و ئیسلامیان پاراست و ئەمەش لە ڕاستیدا سووکایەتییە بە پیاوانی کۆمەڵگە، هەر بۆیە پێویستە پیاوان ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە کوشتنی شەرەف و کاتێک هەڵمەتێک بۆ لەسێدارەدانی کەسێک دەستیپێکرد، پێویستە هەڵمەتێکی ناڕەزایەتی ڕێکبخرێت بۆ وەستانەوە لە دژی کوشتنی شەرەف کە لە دادگای خێزانی نامرۆڤانەدا ئەنجام دەدرێت و ئەم بابەتەش بە ئیرادەی بەکۆمەڵ ڕێگری لێدەکرێت."

 

ڕیزوان موقەدەم، باسی لەوەشکرد: " یەکێک لە ڕێگاکان فێرکردن نیشاندانی ڕەهەندەکانی کارەساتەکەیە، زۆربەی کات کوشتنەکان بە ناکۆکی خێزانی ناوزەد دەکرێت، بەڵام باوکێک چ جۆرە ناکۆکییەکی خێزانی لەگەڵ کچەکەیدا هەیە؟ بەگشتی ناکۆکی خێزان و کێشەی کۆمەڵایەتی دەکرێتە پاساو بۆ کوشتن لەژێر ناوی شەرەف، کێشەی خێزانی لەسەر نامەی تێلێگرام یان واتسئەپ، وەک پەردەپۆشکردن بۆ تاوانەکان بەکاردێت یان بۆ نموونە هەبوونی خۆشەویستێکی کوڕ، لەکاتێکدا پێویستە ژنان  پشتیوانیان لێ بکرێت، سەردەمێک خەڵک سەیری دیمەنی سێدارەیان دەکرد، بەڵام ئێستا خەڵک هەڵمەتی وەستاندنی سێدارە ئەنجامدەدەن، ئەم پەرەسەندنە بە شەوێک ڕووی نەدا، بەڵکو بە کۆمەڵێک هەنگاو ئەنجامدرا، ئێستا کۆمەڵگا بەرخۆدانی دەکات و  لە دژی نا دادپەروەری دەوەستێتەوە."

 

کاتێک کۆمەڵگە هۆشیار بوو، تاکەکان هۆشیار دەبن و تێدەگەن کە ئەم مەسەلەی توندوتیژی خێزانی پرسێکی تایبەت نییە، پێویستە هەستیار بن بەرامبەر بەو بابەتانە، چونکە تێدەگەن کوشتن لەژێر ناوی شەرەف جۆرێکە لە سێدارە و کوشتنی تاکە کەسێک، بۆیە ئەم هەڵمەتە بۆ ڕاگرتنی کوشتنی شەرەف دەتوانێت کاریگەر بێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی توندوتیژی.