پێنجەمین فیستیڤاڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

بە بەشداری هونەر دۆستان پەیمانی هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بە ئەنجامدانی جالاکی جۆراوجۆر بۆ هەردوو بەشی شانۆ و شێوەکاری پێنجەمین فیستیڤاڵی ڕێکخست.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و شانۆ دۆستان، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بۆ هەردوو بەشی شانۆ و شێوەکاری پێنجەمین فیستیڤاڵی تایبەت بە پەیمانگەکەیان رێکخست.

 

 لە فێستیڤاڵەکەدا هەردوو بەشی شانۆ و شیوەکاری بەچەندین چالاکی جۆراوجۆر بەشداربوون، بەشێک لە چالاکییەکانیان بریتیبوون لە نمایش کردنی شانۆ، پێشانگای شێوەکاری، پەیکەرسازی و سیرامیک.

 

سۆفیا نیهاد، خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی بەشی پەیکەرسازی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، تایبەت بە نوژنها باسی لەوە کرد کە فیستیڤاڵەکەیان بە هاوبەشی خوێندکارانی بەشی شێوەکاری و شانۆ بووە، کە بەشی شانۆ کۆمەڵێک کاری شانۆییان نمایشکرد، بەشی شێوەکاریش کاری تابلۆ، پەیکەر و سیرامیک بەشدارییان کردووە.

 

 سۆفیا وتیشی: " هەر خوێندکارێک بابەتێکی هەڵبژاردووە و منیش تەکنەلۆژیام هەڵبژاردووە، کە باس لە کەسێک دەکات کە سەرقاڵی مۆبایل و لاپتۆپە و دابڕاوە لە دنیای سرووشت."

 

پەیمان عەزیز، مامۆستای بەشی هونەرە جوانەکان لە یەکێک لە پەیمانگاکان و ١١ ساڵ پیش ئیستا خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە بووە، سەردانی فیستیڤاڵەکەی کردبوو و وتی: "خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئێستا وەک میوان و مامۆستا سەردانی فیستیڤاڵەکەم کردووە بۆ بینینی کاری خوێندکارەکان، خوێندکارەکان کاری زۆرباشیان ئەنجامداوە، ئەکرێت لەم جۆرە ڤیستیڤاڵەنە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ببیتە هاندانێک بۆ خوێندکاران تاوەکو بەشداربن لە خوێندن لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و بەهرەکانی خۆیان بدۆزنەوە.

 

پێنجەمین ڤیستیڤاڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمرۆ سەرجەم کارەکانی بەشی شێوەکاری لە پیشانگاکە نمایش کراون و وابریارە سبەینێ نمایشی شانۆیی پێشکەش بە ئامادەبووان بکرێت.