دژی بێڕێزی بە ژنان و شەڕڤانان سکاڵا لەسەر مەلا مەزهەر خۆراسانی تۆمار کرا
دژی بێڕێزیی بە ژنان و شەڕڤانان بەناوی دینەوە، پارێزەران و چالاکوانان و زۆرێک لە ژنانی پێشمەرگە، لەبەردەم دادگای سلێمانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامداو ئاماژەیان بەوەکرد سکاڵایان دژی مەلا مەزهەر خۆراسانی تۆمار کرد.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای سلێمانی لە لایەن پارێزەران، چالاکوانان و هێزەکانی پێشمەرگەی ژنان، دژی سوکایەتیی و بێڕێزی بە ژنان و شەڕڤانان لەلایەن مەلایەک بەناوی "مەزهەر خۆراسانی"، بۆ ئیدانەکردنی هێرشەكانی سەر کوردانی ڕۆژئاوای كوردستان، لەبەردەم سەرۆكایەتی دادگای سلێمانی، تۆڕی هەشتی مارس و گروپێک لە پارێزەران، بۆ سکاڵا دژی ئەو مەلایە ڕوویان لە داواکاری گشتی کرد.
گەشە دارا، ئەندامی تۆڕی هەشتی مارس، دانا نوری، پارێزەر ڕاگەیەندراویان خوێندەوە.
"ئێمەی ژنان سکالامان بردە لای داواکاری گشتی"
گەشە دارا، ئەندامی تۆڕی هەشتی مارس، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەدا، مەلایەک سەر بە فکری داعش هێرشی بۆسەر شەڕڤانان و ژنان کردووە، وتی: مەلایەکی ئاینیی بە فکری دوژمن و داعش بێڕێزی بەرامبەر ژنان و شەڕڤانان ئەنجام دەدات، لە کاتێکدا گەلی کورد چەندین ڕۆژە دڵی لای کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانە، هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بۆ دووپات دەکاتەوە، بەڵام مەلایەکی ئاینیی هێرش بۆسەر ژنانی شۆڕشگێڕ ئەنجامدەدات، ئێمەی ژنانی چالاکوان سکاڵاکانمان بردوەتە لای داواکاری گشتی.
گەشە دارا وتیشی: سکاڵاکەمان بردوەتە لای داواکاری گشتی، وەک سکاڵاکارێک داواکەمانی وەرگرتووە، لەگەڵ ئێمەی ژنانی چالاکوان کۆمەڵێک لە پارێزەران و کەسانی یاسای خۆشبەخشانە سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە، کە دراوەتە دادگای لێکۆڵینەوەی یەک، بە ماددەی ٤٣١ سکاڵامان لەسەر تۆمارکردووە، کە یاساکە باس لە سزادانی هەرکەسێک کە سوکایەتی بە دامودەزگا و کەسانی ئاسایی و وڵاتپارێز بکات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکاتەوە، هیوادارین دادگا سەروەری هەڵبژێرێت، تا جارێکی دیکە کەسانی تێکدەر و فکری دوژمن بوێری دووبارەکردنەوەی ئەم جۆرە تاوانانەیان نەبێت.
"ئەو مامۆستا ئاینییە ڕەوایەتی دەدات بە هێرشی چەكدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع"
دانا نوری، پارێزەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەکرد: ئەمڕۆ لەسەر مامۆستایەكی ئاینی سكاڵا تۆمار دەكەین لە دادگای سلێمانی، چونكە پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتیی و ئایینە ئاسمانییەكان سووكایەتی بە تەرمی ژنە شەهیدێك دەكات، ئەو مامۆستا ئاینییە ڕەوایەتی دەدات بە هێرشی چەكدارانی سەر بە ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب و كۆمەڵكوژكردنیان، چەتەكانی داعش پیلانێكی گەورەو مەترسیدار بەرامبەر گەلەكەمان دەگێڕن و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكەن و كەسانی مەدەنی كە لەناویاندا ژن و منداڵ هەیە شەهید دەكەن، ئەركی حكومەت و وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، كە ڕێگری لە لێدوانی ئەم جۆرە كەسانە بكەن و هەروەها ڕێگە نەدەن میدیاكان ئەم جۆرە لێدوانانە وەربگرن، كە زیان بە دەروونی هاوڵاتییان دەگەیەنێت.
"ژنانی کورد لە کۆنەوە لە سەنگەرەکان بەرگریان لە خاک و وڵاتی خۆیان کردووە"
عەمید ڕێزان ڕەشید فەرەج، سەرپەرشتیاری فەوجی ژنان، وتی: مەلا مەزهەر خۆراسانی چەندین جارە بێڕێزی بە هاوڵاتیان و ژنان و کەسانی شۆڕشگێڕ دەکات، ئێمە سکاڵای یاسایی لە بەرامبەر ئەو مەلایە پاشان لەو دەزگا میدیاییەی کار لەسەر هێرشکردنە سەر ژنان دەکات تۆمار دەکەین، مێژوو شایەتی بە خەبات و شۆڕشگێڕی ژنانی کورد لە ناوچەکەدا دەدات، ژنانی کورد لە کۆنەوە لە سەنگەرەکان بەرگریان لە خاک و وڵاتی خۆیان کردووە، ژنان لە سەردەمی ئیسلامیشدا هاوشانی پیاوەکان خەباتی چەکداری و بازرگانیان ئەنجامداوە، بەڵام مەلایەک بە فکری داعش بێڕێزی بەرامبەر ژنانی شۆڕشگێڕ ئەنجامدەدات، لە کاتێکدا شەڕڤانان لە ساڵانی پێشوودا سومبوولی بەرخۆدان بوون، لە ئێستاشدا لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییەو شێخ مەقسود دووبارە بەرگری لە خاکیان دەکەنەوە، ژیان و گیانیان لە پێناو خاکدا بەختکردووە.
''ئێمەی ژنان لە هێزەکانی پێشمەرگە ئەو مەلایە ڕاپێچی دادگا دەکەین"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئێمەی ژنان لە هێزەکانی پێشمەرگە، هەڵوێستی خۆمان دەنوێنین، ئەو مەلایە ڕاپێچی دادگا دەکەین، کە دەبێت لەبەردەم داواکاری گشتیدا سزای یاسای بدرێت، ئێمە واژۆکانمان کۆکردوەتەوە و کار لەسەر داواکارییەکەمان دەکەین و بەردەوام دەبین تا بە سزای یاسایی دەگەیەنین، چونکە چەندین جارە هێرش بۆسەر ژنان و خاکەکەمان ئەنجامدەدات، تا کۆتای ئەو بابەتە ئێمە و ژنان و پارێزەران پاڵپشتی یەکدی دەکەین.