خێزانەکەی بە دڕندانەترین شێوە دەکوژێت
پاش ئەوەی بە سەرخۆشی دێتە ماڵەوە هاوژینە دووگیانەکەی و کچە بچووکەی دەکوژێت، هەوڵیش دەەدات خانووەکەی بسوتێنێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بەڕیتانی دوێنی بڵاوی کردووەتەوە، پیاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ لە ڤۆلۆگدای باکووری ڕۆژئاوای ڕوسیا، دوای ئەوەی بڕێکی زۆر ماددەی کهولی دەخواتەوە، هاوژینە دووگیانە تەمەن ٣٠ ساڵەکەی و کچە تەمەن پێنج ساڵەکەی دەکوژێت.
ئەو پیاوە، بەردەوام ئاڵودەی خواردنەوە کهولییەکان بووە، بۆیە هاوسەرەکەیشی بێزاردەبێت لەوەی بەردەوام بێ ئاگایە و گرنگی پێنادات، ئەو شەوە پاش ئەوەی پیاوەکە لە دەرەوە لەگەڵ هاوڕێکانیدا بڕێکی زۆری خواردنە کهولییەکان دەخواتەوە، دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەوە ژنەکە بەهۆی بێزاری لە زۆر خواردنەوەی هاوژینەکەی وەڵامی ناداتەوە، لە بەرامبەردا پیاوەکە دەچێتە چێشتخانەکە و چەقۆییەک دەهێنێت، هاوژینە دووگیانەکەی دەکوژێت، دواتریش کچە پێنج ساڵانەکەشی دەکوژێت.
دوای کوشتنی ژن و منداڵەکە، بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی هەوڵدەدات خانووەکەی بسوتێنێت، پیاوەکە لە لایەن پۆلیسی ئەو شارەوە دەستگیر دەکرێت، لە کاتی لێکۆڵینەوەشدا دان بە تاوانەکەیدا دەنێت.
ئەو پیاوە لەکاتی لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا وتوویەتی "کاتێک گەڕاومەتەوە وەڵامی نەداومەتەوە، منیش چوومە چێشتخانەکە و گەورەترین چەقۆی ماڵەکەم هەڵگرتووە"، لە ئێستاشدا ئەو پیاوە بە زیندانی هەتا هەتایی سزادراوە.
ت.پ