خەڵکی شەنگال بە چالاکی دژ بە ڕێککەوتن لەسەر شەنگال دەوەستنەوە

بە هەزاران هاوڵاتی ئەمڕۆ شەنگالیان جوڵاند و دژ بە ڕێککەوتنی شەنگال چالاکییان ئەنجامدا، ئاماژەیان بەوەدا لە بەزۆر سەپاندنی هەر ڕێککەوتن و بڕیارێک بەسەر شەنگالدا، ڕووبەڕووی شەنگالییەکان دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهەزاران هاوڵاتی دانیشتووی شەنگال و دەوروبەری بە ڕێپێوانێکی جەماوەری لەبەردەم هۆڵی لالشەوە بەرەو گۆڕەپانی یەرموک بەڕێکەوتن، دروشمی "خاکمان، چیامان و چەکمان هێڵی سوورە"، "ئیرادەمان لە هەڕەشەی کازمی گەورەترە" و چەندین دروشمی تر بە زمانی کوردی و عەرەبی نوسرابوون و لەلایەن بەشداربووانەوە بەرز کرابوونەوە.

 

ڕێپێوانەکەدا بە بەشداری نوێنەری ڕێکخراوەکانی ئێزدییان، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستنەکانی ژنان، پیاوانی ئاینی و باوەڕمەندانی ئێزدی، ڕیش سپی و هێزەکانی پاراستن؛ یەبەشە، یەژەشە و ئاسایشی ئێزدیخان دەستیپێکرد و لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا ڕاگەیەندراوی خەڵکی شەنگال خوێندرایەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەک گەل و پێکهاتەکانی شەنگال، دووپاتی دەکەینەوه هەڵوێستی ئێمە لەم خۆپیشاندانەدا دوابەدوای ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ی نێوان حکومەتی کازمی و پەکەدەکە دروستبووە.

 

ئێمە بێ شەرتومەرج ئەو ڕێککەوتنە ڕەتدەکەینەوە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین و بیرتان دەهێنینەوە کە ئەوەی شەنگالی لە ٣ی ئابدا ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی و هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ٢٠١٤ کردەوە، سیاسەتی دووفاقیەتی بەغدا و هەولێر بوو بەرامبەر بە شەنگال، لەوانەش مادەی ١٤٠.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: بۆ پاراستنی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی شەنگال، بۆچییەک هەنگاوتان بە ئاڕاستەی ڕاستدا نەناوە و هیچ گەرەنتییەکتان دابین نەکردبوو، بۆیە ئێمە ئەم ڕێککەوتنە بە پەیماننامەی خیانەت دەبینین جگە لەو ناوە زاراوەیەکی گونجاومان نەبینی.

ئەو چارەسەرانەی کە پێشکەشمان کردووە، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە، گەڕانەوەی ئاوارەکان وڕفێنراوەکان و ڕێزگرتنە لە بۆچوون و و ئیرادەی خەڵک و قوربانیدانیان و پاراستنی یەکڕیزی و سەروەریی عێراق بە پاراستنی شەنگال و گەلەکەی، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان و نەتەوەکان بە پێی کولتور و باوەڕ و ئایینی خۆیان پێکەوە بژین.

بە دەنگێکی بەرزتر لە پێشوو، ئێمە بانگ لە حکومەتی کازمی دەکەین کە: هەڕەشەکانتان وامان لێناکات لە مافەکانمان پاشەکشە بکەین، ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بە زۆر لە دژمان بسەپێنن، ڕووبەڕووی کاردانەوەی شەقامی شەنگالیەکان دەبنەوە و بەرپرسن دەبن لە هەر کێشەیەک کە ڕوودەدات.

 

ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان بەغداد، ئەنقەرە و هەولێردا کە پێشەکی ئامادەکرابوو، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لە نێوان بەغدا-هەولێردا واژۆ کرا، پلانەکەش بۆ پاکتاوکردن و هەڵوەشاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالە، کە لە دوای هێرشی داعش بۆ ناوچەکە لەلایەن گەلی شەنگالەوە ئاواکراوە، خەڵکی شەنگالیش بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئێزیدخان ماوەی ١١٧ ڕۆژە چادریان هەڵداوە و ئێشکدەگرن.

 

ت.پ