گوڵستان سەعید: بە پێویستی دەزانم بە حکومەت بڵێم بەسە کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنە

گوڵستان سەعید پەرلەمانتاری کوردستان دەڵێت : "٢٠٠ ملیار دینار لە بەغداوە گەیشتوەتە هەرێم و ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ لێبڕینی موچە نەماوە".

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵستان سەعید سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی:" ئيتر هیچ بیانوویەک بۆ بەردەوامی لێبڕینی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نەماوە، بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی ‌٢٠٠ ملیار دینارەکە گەیشتە هەرێم، بۆیە بە پێویستی دەزانم بە حکومەت بڵێم بەسە کۆتایی بە لێبڕینی مووچە بھێنە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بە پێی یاسای بوودجەی عێراقیش، نابێت حکومەتی هەرێم چیتر مووچە بە لێبڕینەوە دابەش بکات.

 

ئەمڕۆ ١١ی تەمموزی ٢٠٢١ بری ٢٠٠ ملیار دینار لە بەغداوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە ٢٤ی حوزەیران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی عێراق مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، سولفەیە نەک بودجە و مەبەستەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات.