جێنین پلاسخارت: گۆڕانی سیستم بۆ داهاتووی عێراق زۆر گرنگە

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە ڕۆژی جیهانی دژە گەندەڵییدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، گۆڕانکاری سیستماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق.

ناوەندی هەواڵ

ئەمڕۆی ٩ی کانوونی یەکەم، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، گەندەڵیی بەربڵاو و سیستماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە.

ڕاشیگەیاندوە کە تێچووە ئابوورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ڕادەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لە رووی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن.

لە پەیامەکەیدا وتویەتی: "من زۆر جار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا وتم کە گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دوواجار بە خراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە، کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو ئەوەش بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لەچاوتروکانێکدا ڕوونادات بەڵکو پێویستی بە کاری چڕوپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بە تێگەیشتنیش لەوەی کە ئێستا کاتی کارکردنە، ڕاستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە ڕەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پڕۆسەیەدا تووشی زیان دەبن".

ئاشکراشیکردووە کە ئەمساڵ لە رۆژی جیهانی دژەگەندەڵی هەوڵ دەدات کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژە گەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتە ڕوو، وتوشیەتی: "هەر بەم گیانە و لەپێناوی نەوەکانی داهاتوودا، با هەموومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش، چی وەک تاکە کەس و چی وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافیەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستمێک دروست کەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەجیاتی خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە".

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا جێنین پلاسخارت ئەوەی وتووە: "بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لەتەواوی پڕۆسەکەدا لەوپەڕی گرنگیدایە".