جەمیلە ئیسماعیل وەک یەکەم ژن بۆ سەرۆکایەتی کۆماری میسر خۆی کاندید کرد

جەمیلە ئیسماعیل لە میسر وەک یەکەمین ژن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری میسر کاندید کرد و داوای بەرێوەچونی هەڵبژاردنێک دەکات کە لە قۆرغکاری دەزگا حکومییەکان بە دوربێت.

 

ناوەندی هەواڵ- بڕیارە لە ڕۆژی ٢ی ئاداری ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر بەڕێوەبچێت و لە ڕۆژی ٣ی ئەیلوولەوە دەرگای خۆ کاندیدکردن لە میسر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکە کراوەتەوە، بۆ یەکەم جاریش ژنێک خۆی کاندید کردووە.
جەمیلە ئیسماعیل، سەرۆکی حزبی دەستور لە میسر لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆبونەوەی دەستەی باڵای حزبی دەستور بۆ ڕاگەیاندنی سەرۆکی حزب وەک کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پێشکەشکردنی وتارێک لە بارەی بەرێوەچونی هەڵبژاردنەکە بە شەفافی و ئازادی ئەنجامدرا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێشتا بڕیاری کاندیدبونی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی میسر و گرنگی سیاسەتەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی ناوخۆ و دەرەوەی حزبەکە تاوتوێدەکرێت، ئەویش لە پێناو ئەوەی بەشداریکردنی سەرۆکی حزبی دەستور ببێتە هاندەرێک لە دامەزراندنی کۆمەڵگە.

جەمیلە ئیسماعیل وتیشی: هەڵبژاردنەکان هەلی گۆڕانکارییە نەک درێژکردنەوە، هەڵبژاردنی نمونەیی پێویستی بە کەشوهەوایەکە کە لەلایەن دەزگا حکومییەکانەوە قۆرخ نەکرێت و پێشێلکاری بە تایبەتمەندی کاندیدەکان نەکرێت و ڕێگری لە هەڵمەت و بانگەشەکانیان نەکرێت.