بە ئاهەنگ و کردنەوەی ئاگر جەژنی نەورۆز پیرۆزکرا

هاوڵاتیان لە شاری سلێمانی بە لەبەرکردنی جلی کوردی و کردنەوەی ئاگری نەورۆز جەژنی نەرۆزیان پیرۆزکرد.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کارێزی وەستا شەریف لە دامێنی گردی مامەیارە، لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی چەژنی نەورۆز دەستپێکی ساڵی نوێی کوردی و یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهار، لەلایەن کۆمەڵەی کەلەپووری سلێمانی کۆمەلێک چالاکیی ئەنجامدرا، چالاکییەکان بە بەشداری هونەرمەندان ڕێکخرابوو، هاوڵاتیان بە جل و بەرگی کوردی و چەپکە نێرگز چەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.

 

نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابروو بە بۆنەی مانگی ڕەمەزان هاوڵاتیان کەمتر بەشداری یادەکە بوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەندین هاوڵاتی بەشداربوون، هونەرمەندان چەند گۆرانییەکیان پێشکەش کرد.

 

"لە مێژووەوە تا ئێستا گەلی کورد خاوەنی ژنی تێکەشەرە"

 

پەری خان بابان، ئەندامانی کۆمەڵەی کەلەپووری کورد، کە ڕۆلی زەکیە ئەلکان وەرگرتبوو، لە بارەی ڕۆڵی ژن لە  پاراستنی چەژنی نەتەوی کورد و تێکۆشان لە پێناو نیشتمان و گەلی کورد ، وتی: ئێمە هەموو ساڵێک لەم کاتەدا بە کۆمەڵێک چالاکی یادی چەژنی نەورۆز دەکەین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا پەری خان باسی لەوەکرد، چالاکییەکان لە کۆنی گەلی کوردەوە هەبووە، کورد خاوەنی کۆمەڵێک ژنی قارەمان  و تێکۆشەر بووە، وە لە باسی زەکیە ئەلکاندا ئاماژەی بەوەدا، زەکییە ئەلکان لە مێژوودا وە ک سیمبولی ژنی ئازاد و تێکۆشەر بووە هەر بۆیە مێژووش شانازی پێوە دەکات، چونکە وەک ژنێک  گیانی خۆی فیادی پاراستنی چەژنی نەورۆزی نەتەوی کورد کردووە، سەلماندوویەتی بۆ دوژمنای کورد،  چەژنی نەورۆز جەژنی تابەتی نەتەوەی کوردە.

 

"پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە"

 

یەکێکی دیکە لە بەشداربووان بە لەبەرکردنی جلی ڕەسەنی کوردی، بەشداری نەورۆزی مامەیارەی کرد و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی تەواوی گەلی کورد کرد، بە پێویستی زانی گەلی کورد لە هەر دۆخ و کاتێکدا جەژنی ڕەسەنی خۆیان لەبیر نەکەن، تەنانەت لەم مانگەشدا کە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە بە پێویستی زانی لە پاش بانگی ئێوارە هاوڵاتیان بێنە سەر شەقامەکان و نەورۆز پیرۆز بکەن، جگە لەوەش پاراستنی کلتووری ڕەسەنی کوردی بە بەرزڕاگرتنی جەژنی نەورۆز و لەبەرکردنی جلی کوردی بە ئەری سەرشانی تاکی کورد دەزانێت.

 

لە کۆتایدا کۆمەڵەی کەلەپووری سلێمانی بە کردنەوەی ئاگری جەژنی نەورۆز و وتنەوەی گۆرانی 'ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە' لەگەڵ هاوڵاتیاندا جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکرد.