هەڵوێست کەریم داوای ئەرشیف کردنی چیرۆکی ژنانی زیانبەرکەوتووی ئەنفال دەکات
هەڵوێست کەریم، فێمینیستی ژینگەیی لە بابەتێکی نووسراویدا داوای ئەرشیف کردنی چیرۆکی ژنانی زیانبەرکەوتووی ئەنفال دەکات و دەلێت: هەزار جار نەفرەت لەم کۆمەڵگە پیاوسالارە دەکەم کە نەبوو بە ئامێزێکی ئارام بۆ ئەو ژن و کچانەی کە دەستدرێژیی سێکسیان کرایەسەر.

ناوەندی هەواڵ
هەڵوێست کەریم، فێمینیستی ژینگەیی لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بابەتێکی تایبەت بە ساڵیادی ئەنفال بڵاوکردۆتەوەو نووسیویەتی: ژنانی دەربازبووی ئەنفال بەرگێکی رەشیان لەبەرکرد، کرێکارییان کرد، دەسکەنەی نۆک و نیسکیان کرد و بەو پەری شکۆ و شەهامەتەوە منداڵی خۆیان و نەوەکانیان گەورە کرد و کۆمەڵگەی کوردیی دوای ئەنفالیان لە هەڵوەشانەوە بە دورگرت، ئەو ژنانە خۆیان لە هەموو چێژ و جوانییەکانی ژیان بەخشی و پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵ و نەوەکانیان خستە پێش هەموو خۆزگە و خولیایەکی خۆیان، ئێمە هەموومان بە ژیانمان قەرزاری ئەوانین، پێویستە چیرۆکی شکۆ و شەهامەتی ئەوان بنوسینەوە، ئێمە و نەوەکانی داهاتووش شانازییان پێوە بکەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژنانی دەربازبووی ئەنفال لە نەبوونەوە ژیانیان خولقاندەوە، ئەوان بە دلێکی پر خوێن، بە جەرگی سوتاو چنگیان لە زەوی گیرکرد و خانووەکانیان بونیاتنایەوە، خانووی چۆڵ و پڕ لە یادەوەریی جوانی ئەندامانی خێزانەکانیان، ئەوان چەند دەیەیەک بە دیار هاتنەوەی گۆزە و بەدەمگریانەوە چاوەکانیان ڵێڵ بوون، ژنانی دەربازبووی ئەنفال شەڕی گەورەی ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپارێزییەی ئەم کۆمەلگەیەیان دەکرد کە ئەوانی تەنیا وەک ژندەبینی، ئەوان شەری گەورەی ئەو بەرپرس و پیاوە تەماحکارانەیان دەکرد کە تەماحیان لە جەستەی ئەو ژنانە کردبوو چونکە ئەندامی نێری لە خێزانەکەیدا نەمابوو، چونکە دەبوو پیاوێک هەبێت ئەو ژنە لە تەماح و چنگی پیاوێکی کە بپارێزێت.
"شۆرشێک نەتوانێت گۆرانکاری لە ئەقلیەت و فکرتدا بکات کەی شۆڕشە؟"
نووسیویشیەتی: ئەوەی دەمەوێت لە نوسەران و توێژەرانی ئەنفالی داوابکەم پاراستن و ئەرشیفکردنی چیرۆکی ئەو ژنانەیە دەستدرێژییان کرایە سەر و تا ئێستە نەیانتوانیووە، باسیشی بکەن، هەزار جار نەفرەت لەم کۆمەڵگەیە پیاوسالارە ئەکەم کە نەبوو بە ئامێزێکی ئارام بۆ ئەو ژن و کچانەی کە دەستدرێژیی سێکسیان کرایە سەر. هەرگیز ئێمە نەبووینە لانە و باوەشێکی ئارام تا ئەوان بتوانن لانی کەم قسە بکەن، ژنێک لە دوای ئەو زەبردە دەرونیی و جەستەییە گەورەیەی بەسەریدا هاتووە رێگەی پێ نەدەی قسە بکات، گوێی لێ نەگریت؟...ئایی شەرەف و ناومووس ئاخر هیچ شتێک وەک شەرەف و نامووس ئەژنۆی پیاوی کورد ناشکێنێت، سەرکردە شۆرشگێڕ و سۆشیال دیموکراتەکانیش پەردەپۆشی فرۆشتنی کچانی کورد و دەستدرێژی سێکسییان دەکرد، نازانم چۆن روویان یەت باسی شۆرش دەکەن؟؟ کام شۆڕش؟؟ شۆرشێک نەتوانێت گۆرانکاری لە ئەقلیەت و فکرتدا بکات کەی شۆڕشە؟؟ سەرکردەی سیاسی و سەرۆک خێڵ و عەشیرەتێک یەک بیرکردنەوەی دەربارەی ژن هەبێت و ژن تەنیا وەک جەستە و شەرەف ببینێت جۆن جورئەت دەکات باسی شۆڕش و ئازادی بکات؟؟.
"ژنانی دەربازبووی ئەنفال گەورەترین هێز دەبەخشن"
هەڵوێست کەریم داوای بوونی دادگایەکی دادپەروەرانە دەکات کە ئەو سەرکردانە دادگایی بکرێن پێش سەرانی بەعس و پێش جاش و خۆفرۆشان وتیشێ: وتی: دەمەوێت بە ژنانی دەربازبووی ئەنفال بڵێم پێش هەموویان ئەو ژنانەی دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر، پێتان دەڵێم ئێوە گەورەترین شانازی و بەهای مرۆیی کۆمەلگەن نەک تەنیا هی کورد بەڵکو هی مرۆڤایەتی، ئێمە قەرزاری قیژە و ناڵە و لە هەمان کاتدا بێدەنگی ئێوەین، ئێوە ژنانی دەربازبووی ئەنفال گەورەترین هێز دەبەخشن، من وەک خۆم زۆر زۆر داوای لێبوردنتان لێ ئەکەم کە قەدەر، سروشت یان خوا یان پەروەردگار ئێوەی لەم بەشەی جیهاندا دروست کرد کە پاش ٣٧ ساڵیش ئێمە هێشتا گوێمان لە گریان و ناڵەی دڵی ئێوە نەگرتووە، بێئاگاین لەو زەبرە دەروونی و جەستەییەی توشی هاتوون، بۆیە پێویستە کۆمەلگەی کوردی داوای بەخشین و لێخۆشبوون لە ئێوە بکات، ئێوەش مافی خۆتانە هەرگیز نەمانبەخشن.