هونەرمەندان بەشداری کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" دەکەن
لە کۆبوونەوەیەکدا لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، هونەرمەندان بەشداری کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان بە کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" کرد، وەک پاڵپشتیەکیش ناوی خۆیان گۆڕی بۆ ناوی داکیان.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان کە خاوەنی بیرۆکەی کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" ئەمڕۆ لە ئوتێل تایتانیکی شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ هونەرمەندان ئەنجامدا.
ئامانج لە کۆبوونەوەکە بەدەستهێنانی پاڵپشتیکردنی هونەرمەندان بوو بۆ کەمپەینەکە، ئامانج لە کەمپەینەکە ڕێگەدان بە پێدانی ناسناو و ئاینە بۆ ئەو منداڵانەی لە دەرئەنجامی جەنگەکان و دەستدرێژییەوە دروست دەبن، تا دایکەکە ڕێگای پێبدرێت ناسناو و ئاینی خۆی بدات بە منداڵەکە، لە کاتێک بەپێی یاسا ئەمە ڕێگاپێنەدراوە.
لە کەمپەینەکەدا بەشێک لە هونەرمەندان و میدیاکاران ئامادەبوون، لەوانە دەشنێ موراد، هەژان هێرش، شوان عەتوف، ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا و چەندین کەسایەتی دیاری دیکە، کە سەرجەمیان پاڵپشتیان بۆ کەمپەینەکە دەربڕی.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا کەمپەینەکە بە ئامادەبووان ناسێندرا، دواتریش بەشداربووان و چالاکوانان بۆچوونی خۆیان لەبارەی کەمپەینەکەوە نیشاندا و چەندین ڕێگایان بۆ زیاتر پەرەپێدانی کەمپەینەکە خستەڕوو.
کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە سلێمانی و ڕێکخراوی ئێمە لە هەولێر کاری لەسەر دەکرێت، تا ئێستا کۆبوونەوە لەگەڵ چەندین توێژی جیاواز لە کۆمەڵگا کراوە و بۆچوونیان وەرگیراوە، لە ئێستاشدا وەک پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمانی عێراقە.
کەمپەینەکە کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای کارتی نیشتیمانی دەکات، کە بەپێی یاساکە دەبێت ناوی باوکی منداڵ دیاربێت و هاوکات دەبێت ناسنامە و ئاینی باوک بدرێت بە منداڵ، دایک مافی ئەوەی نییە، ئەگەری باوکەکە هەر نادیار بوو دەبێت ناوێکی وەهمی بۆ باوکی ئەو منداڵە دروستبکرێت.
لەبەرامبەردا لە کاتی شەڕی داعش لە ٢٠١٤ ، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، منداڵیان بووە، بەڵام تا ئێستا ئەو منداڵانە هیچ ناسنامەیەکیان نییە.
ئەم کەمپەینەش لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا کار دەکات، تا بە یاسا ڕێگە بدرێت منداڵ بتوانێت ناسناو و ئاینی دایکی پێبدرێت.
ت.پ