٣١ ئاب، شەهیدبوونی سەدان پێشمەرگە و سەرەتایی دوو ئیدارەیی
هێشتا سێبەری ٣١ی ئاب بەسەر هەرێمی کوردستانەوە ماوە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە سەدان پێشمەرگە شەهید بوون و دوو ئیدارەیی بووە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر، پاش ٢٥ ساڵیش هێشتا لە بەیاننامەکانیاندا یەکتر تۆمەتباردەکەن و بە ناپاک ناوی یەکتر دەهێنن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٢٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ناپاکی گەورەی ٣١ ئابدا، لەو کاتەدا یەکێتی لە تەواوی خاکی هەرێمی کوردستاندا بوو، هەوڵی بۆ ئازادکردنی کەرکوک لە هێزە عێراقیەکان دەدا، بەڵام پارتی دەستی دوژمنی دەیان ساڵەی کوردی هێنایە خاکی هەرێمی کوردستان.
لە ٣١ ئابدا لەسەر داوای مەسعود بارزانی، بەبیانوی هێنانی سوپای پاسدارن لەلایەن یەکێتییەوە، هێزەکانی بەعس هێنرانە خاکی کوردستان و تانک هێنرایە ناوی دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان.
لە دەرئەنجامی ئەو ناپاکییەدا کە ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، سەدان پێشمەرگە شەهید بوون و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون، پارتی هەولێری گرتەوە و سنوری زۆنی سەوز و زەرد لەنێوان دێگەڵەدا جیاکرایەوە.
سێبەری ٣١ ئاب تا ئێستاش بەسەر ئەم هەرێمەوەیە، لە دێگەڵەدا دوو بازگەی پارتی و یەکێتی بەجیا هەن، هەر ئەوانیش سەرجەم ئۆرگانەکانی ئەم هەرێمەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، لە هەولێر سەری ڕەش و لە سلێمانیش قەڵاچوالان هەیە.
لە یادی ٣١ ئابی ئەم ساڵیشدا ناکۆکییەکانی هەردوو حزب سەریان هەڵدایەوە، دوێنێ ئێوارە لە بەیاننامەکەیدا یەکێتی ڕایگەیاندووە کە هێشتا برینەکانی ٣١ی ئاب ساڕێژ نەبوو، "هێشتا برینەكانی خیانەتی ٣١ی ئاب سارێژ نەبووە، کە هێرشی سوپای رژێمی سەددام حسێن بە هاوكاری هێزەكانی پارتی بووە هۆکاری شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە".
لەبەرامبەردا هەر دوێنێ شەو پارتی لە پەیامێکی کورتدا وەڵامی یەکێتی دایەوە و ڕایگەیاند "٣١ی ئاب مێژووی (دفع الافسد بالفاسد)بوو".
ت.پ