هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی ١٤ فەڵەستینی

ڕاگەیاندنی فەڵەستینییەکان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە هێرشە ئاسمانییە جیاجیاکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کوژرانی ١٤ کەسی مەدەنی لەنێویاندا منداڵ و برینداربوونی دەیان کەسیان بڵاوکردەوە.

ناوەندی هەواڵ 

 

سەرەڕای کوژران و برینداربوونی زیاتر لە ١٩٣ هەزار فەڵەستینی لە غەززە کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، هەروەها بوونی زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی بێسەروشوێن، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە شەڕی جینۆسایدیان دژی دانیشتوانی کەرتی غەززە، بە پشتگوێخستنی بانگەوازە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی شەڕەکە.

 

ئاژانسی هەواڵی فەرمی فەڵەستینی "وەفا"ڕۆژی ٧ی تەمموز ئاشکرای کرد کە ١٤ فەڵەستینی کوژراون کە چەند منداڵێکیان تێدایە، دەیان کەسیش بریندار بوون لە ئەنجامی تۆپباران کە ناوەند و ڕۆژئاوای خان یونس و ناوچەکانی دیکەی کەرتی کردە ئامانج.

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوای کردنەوەی ڕێگای پارێزراوتر بۆ یارمەتییە مرۆییەکان دەکات بۆ ئەوەی بگاتە هەموو دانیشتوانی ئەو کەرتە، جەختی لەسەر پێویستی ڕێڕەوی بارهەڵگر و خاڵەکانی دابەشکردنی مرۆیی کردووەتەوە کە دوور بن لە هەر چالاکیەکی سەربازی، هەروەها داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە غەززە دەکات.

 

بەرنامەکە هۆشداری داوە لە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە غەززە و ئاماژە بەوە دەکات کە لە هەر سێ کەس لە غەززە یەکێکیان بۆ چەند ڕۆژێک لە دوای یەک لە دەستڕاگەیشتن بە خۆراک بێبەشە، سەرەڕای تێکچوونی دۆخی ئاسایشی و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن و گەشەسەندنی بێهیوایی لەنێو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پێویستیان بە هاوکاری خۆراک هەیە، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکاری خۆراکی ڕزگارکەری ژیان.

 

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ سەریهەڵدا، لە ئەنجامدا زیاتر لە ٥٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، زیاتر لە ١٣٦ هەزار کەسیش برینداربوون، هەزاران قوربانی لە ژێر داروپەردوو و لەسەر شەقامەکاندا ماونەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا ناتوانن پێیان بگات.