هێرشە موشەکییەکان و لەبیربردنەوەی ئەنفال
بەهۆی هێرشە موشەکیەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکان لە ئەنفالەوە گۆڕدرا بۆ هێرشە موشەکیەکە، ئەمەش هاوشێوەی مانگی شوباتە کە بەهۆی هێرشە موشەکیەکەی هەولێر، هێرشەکان بۆ سەر چیای گارە لە ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکاندا شاردرانەوە.
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩:٥٠ خولەک موشەکێک ئاڕاستەی بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا، دوای کاتژمێرێک چوار مووشەکی دیکە ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا کرا.
هەر دوای ڕووداوەکە، لەلایەن دژەتیرۆری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووداوەکە پشتڕاست کرایەوە، دوای کاتژمێرێک وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، هێرشەکە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی TNTکراو ئەنجامدراوە و ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر کراوە، تەنها زیانی ماددی هەبووە، دوای هێرشەکەش لە باڵوێزخانەی ئەمریکاوە لە هەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە.
پاش هێرشە موشەکیەکە بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر، دژە تیرۆری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی دیکەیدا ڕایگەیاند، لە شارەدێی زلیکان سەر بە شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک لە نزیکی بەعشیقە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەی سەربازی دەوڵەتی تورکیا کرا، یەکێک لە موشەکەکان بەر گوندی گوداد کەوتووە، بەهۆیەوە کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ بەناوی "فائێزا محمود" لە گوندەکە بریندار دەبێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.
ئەم دوو ڕووداوە، جینۆسایدی ئەنفال و جەژنی چوارشەممەی سوری لە ڕۆژەڤی دەزگا میدیاییەکاندا سڕییەوە، ڕۆژەڤی سەرەکی بووەتە هێرشە موشەکییەکان، پاش نزیکی کاتژمێرێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئیدانەی هێرشە موشەکییەکانی کرد و خستیە ئەستۆی گروپە تیرۆرستییەکان، وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هەولێر لە قەڵەمیدا، هەروەها ڕایگەیاند هەر هێزێک لە دەرەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت دەبێت بە زووترین کات لە سنوری هەرێمی کوردستان بچنە دەرەوە.
دواتر لەلایەن هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکیدا لە تویتەر، هێرشە موشەکییەکەی بنکەی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێری خستە ئەستۆی هەمان ئەو گروپە چەکدارانەی لە دوو مانگی ڕابردوودا هێرشێکی دیکەیان ئەنجامداوە.
هەر ئەمشەو نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان ئەوانی توڕە کردووە، گەلی عێراق بەدەست توندوتیژی و پێشێلکردنی سەروەرییەوە دەناڵێنێت.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشە موشەکیەکەوە سەربازێکیان کوژراوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا دوای ئیدانەکردنی هێرشەکان، ڕایگەیاندووە دەبێت هەڵوێستەیەکی جدی لەسەر ئەم پرسە بکرێت، هیچ پاساوێک بۆ ئەو هێرشانە نییە، جگە لە تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی عێراق، لەبەر ئەوەش پێویستە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرەنگاری ئەو گروپانە ببنەوە، سنورێکیان بۆ دابندرێت.
هەروەها د.ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هێرشکردنە سەر هەولێر هەوڵێکی ترسنۆکانەی نەزۆکە بۆ تێکدانی ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا هەولێر وەک قەڵا قایم و وەک ورەی پێشمەرگە بەهێز و خۆڕاگرە".
لە نوێرترین لێدوانیش لەسەر ئەو هێرشە موشەکیانە، لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی گشتی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق داوایکردووە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە هێرشە موشەکیەکان بکرێت، جەختیکردووەتەوە کە ئاسایشی عێراق لە ئەستۆی حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە.
ئامانج لەبیر بردنەوەی ڕۆژەڤی سەرەکیییە
کۆی ئەم ڕووداوانە لە دوێنێ شەوی ڕابردوو و سەرلەبەیانی ئەمڕۆدا بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنی ١٤ی نیسان یادی تاوانی ئەنفالە بەرامبەر کوردستانی باشور و جەژنی چوارشەممەی سوری ئێزدییەکانە، کە دوێنێ بەهۆی نەگەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان بۆ گەرمیان گرژی لە مەراسیمەکدا لە گەرمیان ڕوویدا، کەسوکاری ئەنفاکراوان داوای گەڕانەوەی ڕوفات و دروستکردنی مۆنۆمینتێکیان دەکرد، هەتا پێش هێرشەکان بۆ هەولێر ئەمانە ڕۆژەڤی گەرمی ڕاگەیاندنەکان بوون.
بەڵام ئەم ڕووداوە ئەو ڕۆژەڤە گەرمانەی ڕاگەیاندنەکانی گۆڕی، ئێستا بابەتی سەرەکی هێرشە موشەکیەکانە، ئەمەش بە دەستی دەوڵەتانی داگیرکەر دێتە ئەژمار، کە بۆ لەبیرچوونەوەی بابەتە چارەنووس سازەکانی دۆزی کورد ڕۆژەڤێک بۆ ڕاگەیاندنەکان دروستدەکەن.
جێی بەبیرهێنانەوەیە هاوشێوەی ئەم ڕووداوە لە ١٠ مانگی شوباتی ئەمساڵدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر چیای گارە ئەنجامدرا، بەڵام پاش پێنج ڕۆژ و ڕاگەیاندنی شکستی دەوڵەتی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا بۆ سەر چیای گارە، لە ١٥ی شوباتدا هێرشێکی دیکەی هاوشێوە ئەنجامدرا و ڕۆژەڤی ڕاگەیاندنەکان لە هێرشەکان بۆ چیای گارە گۆڕا بۆ هێرشە موشەکیەکە، لە دوایشدا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا بۆ هێرشە مووشەکیەکە کرا.
ت.پ