هەرانا: لە یەک ڕۆژدا ٨٣ کەس لە ئێران بوونەتە قوربانی

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٨٣ هاووڵاتیی مەدەنی کوژرا و بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئامارەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ٣٣ کەس کوژراون و ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زۆرترین هێرشەکان بۆ سەر تاران ئەنجام دراوە و خوزستان و کرمانشان لە پلەی دووەم و سێیەم دێت.

 

ئاماژە بەوەش کراوە،  لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لەلایەن هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ٣٠ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە لانیکەمەوە ٧٥٢ هێرش ئەنجام دراوە، کە ١٢٤ بنکەی سەربازیی، بارەگاکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس و کۆگاکانی نەوت کراونەتە ئامانج.

 

باس لەوەش کراوە، لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ ٣١٦ حاڵەتی کوژرا و بریندار دەکرێت بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوە.

 

ئەوەش ئاشکرا کراوە، لە دەستپێکی هیرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تا ئێستا هەزار و ٢٠٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، لەو ژمارەیە ١٩٤ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی هەن، هەروەها ١٨٧ لە ئەندامانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران کوژراون.