هەرانا: لە یەک ڕۆژدا ٨٣ کەس لە ئێران بوونەتە قوربانی
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٨٣ هاووڵاتیی مەدەنی کوژرا و بریندار بوون.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا، دەربارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئامارەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ٣٣ کەس کوژراون و ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، هەروەها زۆرترین هێرشەکان بۆ سەر تاران ئەنجام دراوە و خوزستان و کرمانشان لە پلەی دووەم و سێیەم دێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، لەلایەن هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ٣٠ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە لانیکەمەوە ٧٥٢ هێرش ئەنجام دراوە، کە ١٢٤ بنکەی سەربازیی، بارەگاکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس و کۆگاکانی نەوت کراونەتە ئامانج.
باس لەوەش کراوە، لە ئێستادا بەدواداچوون بۆ ٣١٦ حاڵەتی کوژرا و بریندار دەکرێت بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، لە دەستپێکی هیرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تا ئێستا هەزار و ٢٠٥ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، لەو ژمارەیە ١٩٤ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی هەن، هەروەها ١٨٧ لە ئەندامانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران کوژراون.