هەڵمەتە ئەمنیەکەی کەمپی هۆل بەردەوامە
دوێنێ، هەڵمەتێکی ئەمنی لەلایەن ئاسایشەوە بۆ پارێزگاریکردن لە پەنابەرانی کامپی هۆل و دەستگیرکردنی شانە نهێنییەکانی داعش لە ناو کامپەکەدا دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە.
ناوەندی هەواڵ
هێزە ئەمنییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەڵمەتێکی ئەمنیان لەناو کامپی هۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە لە ٢٨ی مانگ دەستپێکرد، کاتژمێر چواری بەرەبەیان بە بەشداری شەش هەزار ئەندامی ئاسایش دەستیان بە ئۆپراسۆنەکە کرد.
هەڵمەتەکە بە ئامانجی نەهێشتنی چەک و شانە نهێنییەکانی داعشە، تاکو ئێستاش نۆ ئەندامی داعش دەستگیرکراون.
ڕاگەیاندنی ئۆپراسیۆنێکی لەم جۆرە لەدوای زیادکردنی ڕووداوەکانی کوشتن، ئاگرکەوتنەوە و پەلاماردان بووە، ئەو ئاوارە عێراقییانەی لە ٢٠١٤وە تێیدا نیشتەجێ کراون، ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە و ڕۆژانە پەلامار دەدرێن و خێمەکانیان ئاگر تێ بەردەدرێت.
سیامەند عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ئاژانسی هاوار نیوزی ڕاگەیاندووە "ئامانج لەو ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتە ئەمنیە، کەمکردنەوەی کاریگەری داعشە لەسەر کامپەکە و نەهێشتنی ئەو جموجۆڵ و پەلامارانەیە کە ماوەیەکە زیادیان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە بەتایبەت دوای بانگەوازی شێخەکانی ناوچەکە هاتووە بۆ دانانی سنوورێک لەبەردەم کەمکردنەوەی مەترسی کامپەکە لەسەر ناوچەکە بە تایبەت و جیهان بەگشتی.
ت.پ