هێلین ئومێد: تەنها پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ڕێگە لە شەڕ و دووبەرەکیی نێوان گەلان بگرێت
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ئاماژەی بەوەدا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەرەسەندندایە و وتی: تاکە هێزێک کە بتوانێت ڕێگە لە شەڕی نێوان گەلان و هێرشی دەوڵەت-نەتەوەکان لەسەر ڕۆژئاوا بگرێت، خودی ڕێبەر ئاپۆیە.
ناوەندی هەواڵ
هێلین ئومێد، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئەو شەڕ و ئاڵۆزیانە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادایە.
هێلین ئومێد بە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ دەستی بە قسەکانی کرد و لە درێژەدا سەرنجی خستەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ڕوونی کردەوە ڕێبەر ئاپۆ پرسی شەڕ کە لە ئێستادا لە ئارادایە لە ڕووی مێژووییەوە بە وردی لە شیکارییەکاندا هەڵسەنگاندووە و سەنجی خستووەتەسەر هۆکار و ئافراندنی ژینگەکەی و گوتی: "داوا لە هەموو کەسێک دەکەم زۆر باشتر لە ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن، بیخوێننەوە و گفتوگۆی بکەن، هەڵسەنگاندن لەسەر لێکۆڵینەوەکانی پێشووی بکەن.
'پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بۆ ئافراندنی شەڕی نێوان گەلان بوو'
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەشدا ئەوەی لە ئێستا لە چڕبوونەوەی شەڕەکاندا کە بەشەڕی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١ـەوە دەستی پێکردووە، شێوەکانی دەستپێکردنی شەڕی جیهانی سێهەمە و جەختی کردەوە 'پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ' قۆناغی دووەمی دەستپێکردنی ئەو شەڕە بوو بە ئامانجی خستنەوەی شەڕ و دووبەرەکی لە نێوان گەلان و گوتی: "ویستیان لە نێوان فارس و کورد، عەرەب و کورد، تورک و کورداندا شەڕێک بخەنەوە و لەم کاتەدا سیناریۆیەکی لەم شێوەیە بخەنەگۆڕێ.
دەربارەی قۆناغی ئێستای پرۆسەکە و پێویستییەکانی
هێلین ئومێد تێشکی خستەسەر قۆناغی ئێستای پرۆسەکە و لەم ڕووەوە وتی: لە پرۆسەی ئامادەکاری و پەڕینەوەین بۆ قۆناغی دووەم، کە بە ڕەهەندەکانییەوە دەتوانێت پێشكەوێت؛ وەک هەنگاونانی دەوڵەت. ڕێبەر ئاپۆ تا ئەم قۆناغە پێویستییەکانی پرۆسەکەی پێکهێناوە. ژینگەیەکی دەروونی ڕەخساندووە و کۆتایی بەو کار و چالاکییانە هێنا کە لەژێر ناوی پەکەکەدا دەکران. هەروەها لە بەرانبەردا بڕیاری گۆڕانکاری ستراتیژی درا، کە پەیوەستە بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆوە. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا وەک تەڤگەر ناومانە بەم مەرج و پێویستیانەوە پێشکەوتوون، کە مەرجی ئازادی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆیە. لە قۆناغێکی لەم شێوەیەداین. وەک تەڤگەر ڕەخنە و سەرنجمان لەسەر ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن هەبوو، ڕوومان کردەوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی گەلدا نییە. لای خۆیشەوە ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن هەڵسەنگاندنی کرد و گوتی، 'ڕەنگە هەندێک کەموکوڕی تێدابێت، بەڵام ڕاپۆرتەکە بۆ گواستنەوەی پرسی کورد و تێکۆشانی ٥٠ ساڵەمان بخاتە ڕۆژەڤی پەرلەمانەوە، زۆر گرنگە.'، تا ئێستا بە پەرچەکرداری ئەمنی مامەڵەکراوە، واتە تەنها سوپا و پۆلیس و هەواڵگری، گرنگ بووە سیاسەتەکانی سەرکوتکردنی خەبات و ئازادی کورد بگۆڕدرێت. ئەمە زۆر بە گرنگ دەزانین. بە واتایەکی تر ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ کە ئەم پرسە لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتەی کۆمیسیۆن بۆتە بەشێک لە سیاسەت، بۆ ئێمە گرنگە. دەتوانم ئەمە بۆ ئەو قۆناغە بڵێم کە بەڕێوەیە.
هەنگاوەکانمان بە ئامانجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆیە
کەواتە ئەگەر بڵێیت ئێمە لەم پرۆسەیەدا لە چ قۆناغێکداین؟ گەیشتوینەتە دۆخێک کە پەیوەندی بەو هەنگاوانەوە هەیە کە ئیرادەی سیاسی دەینێت. قۆناغی پێشوو لە ڕاستیدا بۆ ئێمە بوو کە بێینە ئەم قۆناغە. بۆ ئەوەی سیاسەت باسی ئەم بابەتە بکات و زەمینە دانراوە. بە واتایەکی تر لە خاڵێکدا نییە کە زۆر لە دواوە بێت و پێشکەوتن نەبووبێت، نا وا نییە. ئێمە بەو شێوەیە نایبینین. بەڵام پێمان وایە بە هێواشی دەڕوات. پێمان وایە کە بە تێپەڕبوونی کات بڵاودەبێتەوە. پێشهاتەکان لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و ترس لەم پێشهاتانە بەڕاستی کاریگەری لەسەر پرۆسەکە نییە، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک، تا ڕادەیەکی بەرچاو، چاوەڕوانن، واتە دەیانەوێت لەسەر بنەمای پێشهاتەکان مامەڵە بکەن. لێرەدا هەندێک مەترسی دەبینین. پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە هەنگاوێکی ستراتیژییە. گرنگە نەبێتە قوربانی پێشهاتەکانی ئێستا. ئەمەش پەیوەستە بە ئایندەی گەلانی تورکیا، خوشک-برایەتی گەلانی کورد و تورکیا. من دەڵێم تا ڕادەیەک بێدەنگییەک هەیە، تا ئێستا لە ڕاگەیاندراوەکاندا چییان وتووە؟ ڕاشیگەیاندووە، دوای جەژنی ڕەمەزان دوو پشوو دەبێت، ڕاستەوخۆ دوای جەژنیش هەنگاوی یاسایی دەگیرێتەبەر. پرۆسەکە لەو کاتەدا تا ڕادەیەک وەستاوە. ئەگەر بپرسی چاوەڕوانی بنەڕەتی لای ئێمە چییە؟ دەتوانم ئەمە بڵێم؛ لە ڕوانگەی کوردەوە ڕێبەر ئاپۆ خودی کوردستانە. واتە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی کارکردن و توانای سیاسەتکردنی، پێگەی کوردستانە. ئاخر هەموو ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا ناومانە، وابەستەی ئەمە بوو. بەم شێوەیە دەبێت.
ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بە مانای ئازادیی کوردستانە، بۆیە پێویستە ئازاد ببێت
ئەوەی پێویستە لە کۆتاییدا بیڵێین لە سەرەتادا دەیڵێین. پێویستە هەموو کەسێک باش بزانێت. پێویستە پێشکەوتن لەم بابەتە هەبێت، هەنگاو بنرێت، باری یاسایی دەستنیشان بکرێت. بە واتایەکی تر با وا بیر نەکەینەوە کە کادر و شەڕڤان و میلیتانانی تەڤگەرەکەمان شتیان بۆ خۆیان دەوێت، نا وا نییە. گەڕانێکی لەو شێوەیە نییە. بەڵام ئێمە ئەمە باش دەزانین؛ ڕێبەر ئاپۆ خودی کوردستانە. ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی کوردستان و ئازادیی ژن و ئازادی گەنجانە. هەر بۆیە هەوڵدەدەین بەدواداچوون بۆ هەندێک پێشهاتەکان بکەین. بەڵێ ئەجێندا پڕە و ناتوانین ئەوەندەی دەمانەوێت پەیڕەوی لێبکەین، بەڵام ئەوەندەی من پەیڕەوی لێبکەم، ئەمە دەبینم؛ بۆ نموونە هەندێک یاسا باس دەکرێن بەڵام 'مافی هیوا'ـی ڕێبەر ئاپۆ لەم بابەتەدا نییە. کە مافی هیوا مافێک نییە کە ئەوانی تر بیدەن. خودی مافی هیوا مافی ڕێبەرمانە. یانی لە ئێستادا هیچ باسێکی لە بارەوە نەکراوە. بۆ نمونە گفتوگۆ دەکرێت و دەڵێن؛ گرووپەکان بەم شێوەیە دێن، بەم شێوەیە بەشداری پرۆسەی یاسایی دەکەن و ...، بەڵام باسکردن لەسەر پێگەی ڕێبەر ئاپۆ بوونی نییە. بەم شێوازە ڕێکار و باسوخواسانە مافەکە سەرکوت دەکرێت. هەندێک لە بەرپرسانی دەوڵەت، هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکان ئاگاداری ئەمەن. بەڕاستی تێبینیان کرد کێ ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش دەبات، بە چ ئامانجێک. تێبینیان کرد کە ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگێکی ڕاستەقینەیە کە خەمی ئاسایشی گەلانی تورکیایەتی، دواجار پابەندە بە پێکەوەژیانی گەلانی کوردستان و تورکیا و هەنگاوی پێویستی بۆ ئەمە ناوە. چیتر ناتوانن ئەم حەقیقەتە بشێوێنن و دایبپۆشن و پشتگوێی بخەن. مادام ئەم هیوا و ڕووناکییە دەرکەوتووە، کەواتە دەبێت دەستبەجێ و بەبێ دواکەوتن هەنگاوی پێویست بنرێت. پێگەی ڕێبەر ئاپۆ و جێگای ئەو لەم پڕۆسەیەدا دەبێ دیاری بکرێت. پێم وایە ئەگەر ئەمە بەدی بهێنرێت، پێشهاتەکانی دیکەش بە تێپەڕبوونی کات پێشدەکەون.
هەڵسەنگاندنەکانمان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ نین. ئەگەر هەڵە نەبم، یەکەم جار ڕێبەر ئاپۆ باسی جەنگی جیهانیی سێیەمی کرد. هێشتا مشتومڕ سەبارەت بەوە هەیە کە ئەمە شەڕێکی جیهانی نییە، بەڵکوو شەڕێکی ناوچەییە. هەموو گۆڕانکاری و پێوەرەکان نیشانیدەدەن کە بە گشتی لە شەڕێکی جیهانیداین. بەڵێ جیاوازی هەیە لەگەڵ جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم. لە کۆدەکانی بەڕێوەبردنی جەنگی جیهانیی سێیەمدا جیاوازی هەیە. بە قووڵی جەنگی ئابووری بەڕێوەدەچێت. واتا دەستێوەردانی سەربازی بە گوێرەی پێویست ڕوودەدات. بۆ نموونە شەڕی وشکانی بە چڕی ئەنجام نادرێت. تەکنەلۆژیای ئاسمانی زۆر بەکاردەهێنرێت. ئەوانەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایان لەدەستدایە، سەروەریی خۆیان لەسەر ناوچەکانی تر دەسەپێنن. پێوەری جیاوازی لەم شێوەیە هەن. وەکو ڕێبەر ئاپۆ باسی کرد، ئەوەی ڕوودەدات بەشێکە لە دەرئەنجامی قەیرانی بنچینەیی سیستەمی سەرمایەداری.
ڕێبەر ئاپۆ لە شرۆڤەکردنی سیستەمی سەرمایەداریدا دەڵێت لە کاتی جیاوازدا پرۆسەی مەترسیدار هەن، لەم پرۆسە مەترسیدارانەدا شەڕ ڕوودەدات. بەڵام ئەم جارە قەیرانی بنچینەیی قەیرانێکە کە ناتوانێت درێژەی پێ بدرێت و پرۆسەیەکە کە لەلایەن کاپیتاڵیزمیشەوە تێناپەڕێندرێت. بەم پێیە پرۆسەیەکە کە دەرئەنجامی قورستری هەیە، بەڵام لە هەموو شوێنێک زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەرئەوەی سیستەمێک کە نەبێتە باڵادەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناتوانێت ببێتە سیستەمی جیهان. ئەمە ڕاستییەکە کە بە درێژایی مێژوو هاتووەتە ئاراوە. لەبەرئەوە شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر بەڕێوەدەچێت و هەوڵدەدەن بیگەیەننە ئاستی توندتر و دڕندەیی. دەتوانم بڵێم نیشانەی گەیشتنی شەڕەکە بەم ئاستە غەززە بوو. دەتوانم بڵێم کە بەڵێ بۆردومانی چڕ و هێرش دەکرێتە سەر ئێران، بەڵام پرۆڤەی ئەمە، ئامادەکارییەکەی و بناغە دەروونییەکەیان لە غەززە دامەزراند. لەگەڵ غەززەدا کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵگەی عەرەب و هەموو کۆمەڵگەکان ڕاهاتن و فێربوون. لەم ئاستەدا توندوتیژییەک لەوانەیە بێتە ئاراوە وەکو غەززە، پێویستە ئێمە لە غەززەبوون و غەززەکردن بەباشی تێبگەین. پەیامیان تەنها بۆ گەلی فەڵەستین نەنارد، ناردیان بۆ گەلانی ناوچەکە و کورد. مەگەر لە حەلەب و ڕۆژئاوا تاقینەکرایەوە؟ لەگەڵ هەتەشەییەکاندا پرۆژەی غەززەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بە ناڕەحەتکردنی تورکیا لە هەندێک ناوچە تاقیکرایەوە. بە ڕاستی لە ڕێی هێرشەکانەوە هەوڵیاندا کۆمەڵگەکان ڕابهێنن، کۆنترۆڵیان بکەن، بیانخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، ئیرادەیان بشکێنن. غەززە تەنها گەلی فەڵەستین نەبوو، واتا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن سیستەمی هەژموونگەری جیهانەوە دەشێت چۆن سەیر بکرێن و پێویست بکات چۆن لەناودەبرێن، چۆن قڕدەکرێن. نیشانەی ئەمە بوو.
ئەم پرۆسەیە لە ٧ـی تشرینی یەکەمەوە تا دێت بەرفراوان دەبێت و تابلۆیەکی لەم شێوەیە هاتە ئاراوە. لە بەرنامەکانی پێشوودا بە جیا باسم لەم بابەتە کردبوو. بەڵام لە ڕووی گەلانەوە دەڵێم، تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنێکی بەرفراوان پێویستە و بەم پێیە هەڵوێستێکی سیاسی نیشانبدەن. پێویستە ئەم بابەتە بە باشی درکی پێ بکرێت. ئەو هاوسەنگییە ڕووخا، کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرابوو. ئێمە پێیدەڵێین سایکس-پیکۆ. ئێمە دەڵێین کە بە سایکس پیکۆ سنوورەکان دروستکراون. ئێستا ئەمە ڕووخا. ئێمە لە سووریا هەنگاوەکانی ئەم بابەتەمان بینی. ئێستاش ئەو هێزەی کە لە ناوچەکە بەهێزە، من بە ئێران ناڵێم هێزێکی هەژموونگەر، هەر خۆی ئێران ماوەیەکی زۆر بوو لەژێر گەمارۆی هێزە نێونەتەوەییەکاندا بوو و نەیاندەهێشت بەهێز ببێت. تورکیا و عێراق هەن. ئەم پرۆسەیە لە عێراق دەستی پێکرد، دواتر سووریا و ئێستاش ئێران. زۆر شرۆڤەکار دەڵێن کە دوای ئێران تورکیا دێت. ئەمە هەمووی نیشاندەری ئەم بابەتەیە. واتا نەخشەی نوێی سیاسی، نەخشەی نوێی فیزیکی لەوانەیە بێنە ڕۆژەڤەوە و دێنە ڕۆژەڤەوە.
سیستەمی نێونەتەوەیی، سیستەمی جیهانی لە کاتی هێرشدا ناڵێن "من ئەم وڵاتە دابەشدەکەم". ئەمە کێشەی ڕەوایەتی دەهێنێتە ئاراوە. بەڵام ئامانجی سەرەکیی جەنگی جیهانیی سێیەم، بۆ ئەوەیە هەژموونگەریی ئیسرائیل لە ناوچەکە باڵادەست بکەن، بچووککردنەوەی وڵاتان بە پێویست دەزانن. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە ببینێت. ئەمە ببێت و نەبێت، بە ڕای من سووریا بچووککرایەوە. تورکیا ئەمە پشتگوێ دەخات. بۆ نموونە بەرزاییەکانی جۆلان پشتگوێ دەخات کە دایانە ئیسرائیل. بیر لەوە ناکاتەوە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا تووشی پێکدادان دەبێت. سووریا زەویی خۆی لەدەستداوە. تورکیا بەهۆی کاردانەوەی با کورد قازانج نەکات، با کورد دایکی خۆیان نەبینێت، چاوی لە ئاست گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دادەخات. لە دۆخی هەنووکەییدا دەتوانم بڵێم کە شەپۆلی ئەو هێرشانە لە ئارادایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل پێشەنگایەتی دەکەن. بەڵام هەموو هێزە جیهانییەکان بەشداری ناکەن، لە یەکێتیدا نین. بەڵام ئەمە ئاشکرایە کە تاوەکو هەژموونی ئیسرائیل جێگیر بکەن و تاوەکو دێتە دی، هێرشەکان هەندێک جار کەمن و هەندێک جار دژوارن. ئەمە هەم بۆ شێوازی بوونی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی پێویستییەکە و هەمیش ناتوانێت پاشەکشە لەمە بکات. ئەگەر پاشەکشەی لێبکات، سیستەمەکە دەڕووخێت.
ئێمە تاوەکو ئێستا دەڵێین کە بە پێشەنگایەتیی ئەمریکا سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی هەیە و ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکات، ئەگەر ئەمریکا پاشەکشە لەم هەنگاوەی خۆی بکات، ئەوە شکستی خۆی قبووڵدەکات و تا دێت زیاتر پاشەکشەدەکات. ئەو ئەمە قبووڵناکات. ئیسرائیل دوای ئەوەی ڕووبەڕووی گەلانی ناوچەکە وەستایەوە، تاوەکو سەروەریی خۆی نەهێنێتە دی، ناوەستێت. دەشێت ڕووبەڕووی هێرشی گەورە و تەنانەت قڕکردن ببنەوە. ئێمە باسی ئەم شتانەمان کردبوو. ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی هەیە سەبارەت بەم بابەتە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئیسرائیل و گەلی جوو دیدگای ئەوەی خستووەتە ڕوو کە ئەگەر دەیانەوێت ئازاد و سەلامەت بژین، پیویستە بۆ ئازادی و دیموکراسیی گەلانی ناوچەکەش تێبکۆشن. بەڵام سەرمایەی جوو کە لەسەر سەرمایەی جیهانییە-لێرەدا بێگومان مەبەستم تەواوی گەلی جوو نییە و لایەنێکی گەلی جوو هێزی دیموکراسییە-بەڵام خواستی هێزەکانی سەرمایە کە لە ناوچەکە پشت بە تەکنەلۆژیا و پارە دەبەستێت، هێزی هەژموونگەر لە ناوچەکە دادەمەزرێنێت. دۆخەکە بەم شێوەیەیە. بەم مانایە بە ڕاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دۆخێکی زۆر قورسدایە.
کاتێک ئەم جەنگی جیهانیی سێیەمە بەڕێوەدەچێت، یاخود شەڕ دژی ئێران بەڕێوەدەچێت، هێزە ئیمپریالیستەکان، ئەمریکا و ئیسرائیل بە قسەکانیان نیشانیدەدەن کە بە ڕاستی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بچووک دەبینن. ئایا مرۆڤ دەتوانێت دەستەواژەی "ئێمە لە شەڕێکی زۆر خۆشداین بەکاربهێنێت؟ ئایا چۆن کوشتن و خۆش پێکەوە کۆدەکرێنەوە؟ سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ هەموو ڕۆژێک دەڵێت ئەوەندەمان کوشت، لەناوبرد. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت. بەڵێ لە ناوچەکە سێ هێز هەن، سێ لایەن هەن. لایەنێک کە ستاتۆ دەپارێزێت. پایەی ئەم بابەتە ئینگلتەرایە، ئەڵمانیایە. واتا ئەمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراوە نین لە بەردەم گۆڕانکاریدا. واتا جیاوازی لە نێوان هێزە نێونەتەوەییەکاندا هەیە. شەپۆلی هێرشی نوێ هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل پێشەنگایەتی دەکەن. ئێمە دەتوانین بەمە بڵێین چی؟ بە گوتەی ڕێبەر ئاپۆ "سەرمایەداریی دڕندە"یە. دەتوانین بەمە بڵێین کە پرۆسەیەکە تێیدا سەرمایەداری بووەتە دڕندە. ئێمە هێڵی خۆمان هەیە. ڕێبەر ئاپۆ دوای ٧ـی تشرینی یەکەم گۆڕانکارییەکانی بینی، هەڵوێست و هێڵی ستراتیژیی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی هەیە. لەوانەیە ڕۆژانە ئێمە هەڵسەنگاندن لەسەر تورکیا بکەین. ئەنتێگراسیۆنی ڕۆژئاوا لە سووریا دەکەین. بەڵام بەم شێوەیە دەشێت باس بکرێت. لەسەر بنەمای دیموکراسیی خۆجێیی، بەڕێوەبەردنی خۆجێییبوونی هێزی دیموکراسی و بوون، بەدەستهێنانی مافی ڕێکخراوبوونی دیموکراتیک، لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراندنی سیستەمی نوێی ژیانی پێکەوەیی گەلان، لەناو شەڕی هەنووکەییدا بوونە شوێنگرەوە دژی زیهنییەتی دەوڵەت نەتەوە و نەتەوەپەرستی. لە دیداری میونشندا چی ڕوویدا؟ یەکێک لەو بابەتانەی کە لە دیداری میونشندا قسەی لەسەر کرا، سووربوون بوو لەسەر ئەوەی کە دەوڵەت نەتەوە چیتر ناتوانێت درێژە بکێشێت، سەردەمی دەوڵەت نەتەوەکان کۆتاییهاتووە، سیستەمی دەوڵەت نەتەوە ناتوانێت درێژە بە خۆی بدات.
لە ڕاستیدا بەر لەمەش لە کۆبوونەوە جیاوازەکانی ناتۆدا باس لە مردنی ناتۆ کرا. ئەمە بە مانای چی دێت؟ ئەمە نیشانەی هەڵوەشاندنی سیستەمی دەوڵەت نەتەوەیە بە ڕابەرایەتیی بەریتانیا. نامەوێت ئەمە بڵێم. سەرمایەداریی جیهانی بە بێ دەوڵەت نەتەوە ناتوانێت هەبێت. دەوڵەت نەتەوە فۆرمی سەرمایەداریی دەوڵەت نەتەوەیە. بۆ بوونی پشت بەوە دەبەستێت. بەڵام هەمووان دەبینن کە بە ڕاستی سەرمایەداری دژی مرۆڤایەتییە. بە ڕاستی دوژمنی گەلانە، دوژمنی ژنانە. سیستەمێکە کە لە هەموو شوێنێک دەیەوێت کاریگەر ببێت بێ ئەوەی گوێ بداتە منداڵان، ژینگە و مێژوو، ئەسید دەڕێژێت و دەسووتێنێت. هەر بۆیە سیستەمێکە کە وردە وردە ڕەوایەتی لەدەستداوە. پێویستە ستراتیژیی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ بە دڵنیاییەوە درکی پێ بکرێت و جێبەجێ بکرێت. نەک تەنها بۆ کورد، دووبارەی دەکەمەوە، بۆ ژیانی پێکەوەیی گەلان، لەبەرئەوەی ستراتیژیی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، خودی ستراتیژیی نەتەوەی دیموکراتیکە. نەتەوەی دیموکراتیک تەنها بە مۆدێلی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دێتە دی.
لە درێژەی قسەکانیدا هێلین ئومێد گوتی: "هەمووان باسی کورد دەکەن، ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئاستەی کە چیتر نکۆڵیکردن وەک جاران نەماوە، ئیتر دان بە بوونی کورددا دەنرێت و هەمووان بیر لەوە دەکەنەوە. ئێمە لە قۆناغێکی لەم شێوەیەداین. نەک تەنها لە ئێران، لە هەر چوار بەشی کوردستان، هەروەها لە دەرەوەی وڵات، داینامیکی کورد، داینامیکترین هێزە، سیاسیترین هێزە، بەجموجۆڵترین گەلە. سیاسیترین کۆمەڵگەیە. بێگومان ئەوەی هەموو ئەمەی هێنایە ئاراوە، تێکۆشانی زیاتر لە ٥٠ ساڵەمان بوو بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ. ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی هێندە داینامیک و سیاسی بووە، پەیوەندی بە ڕاستیی تێکۆشانمانەوە هەیە کە بە شەهیدان و باجی قورس، ڕەنجێکی گەورەمان دا. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن. بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە. بیرهێنانەوە بە پێویست دەزانم. کاری سیاسیی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کۆنە. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریمان هەبوو.
هەڵوێستی کوردانی ڕۆژهەڵات دژ بە پیلانگێری گوزارشت بوو لە خاوەنداری لە ڕێبەرێتی
بۆ نموونە، ڕێبەر ئاپۆ هەوڵیدا. دەتوانم ئەمە بڵێم. بەڵام لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین سەرهەڵدانی خۆی لە بەرانبەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ئەنجامدا. کەس نەچووە ئەوێ، ڕێکخستنی نەکرد، کۆمەڵگەی بۆ سەرهەڵدان ئاڕاستە نەکرد. جەماوەری کۆمەڵایەتیی گەورە کە لە کەسایەتیی ڕێبەرێتیدا بینی کە دەیانەوێت چارەنووس و داهاتووی تاریک بکەن، هەڵستایە سەر پێ. ئەمە زۆر هێژا بوو. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە کە خۆی لەناو تێکۆشاندا زانا کرد و خۆی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بینییەوە. ڕاستییەکی لەم شێوەیە بۆ کوردان هاتە بوون. هەر بۆیە دەتوانم ئەمە بڵێم. بەڵێ ڕابردوویەکیش هەیە. بۆ نموونە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گوێرەی بەشەکانی تر لە ڕووی هۆشمەندی کوردایەتییەوە جوگرافیایەکە کە زیاتر لە پێشەوەیە. هەر خۆی ئێران نکۆڵییەکی ئەتنیکی ڕاستەوخۆی نییە. بۆ نموونە، ناوچەیەکی کوردستان هەیە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانکەی هۆشیاربوونەوەی کورد و تێکۆشانی ئازادیی ژنە
کێشەی ئەوێ خۆبەڕێوەبردنی کورد، پرسی خۆگەیاندن بە دیموکراسیی خۆجێییە. کێشەکە ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران بە قووڵی خۆی وەکو ڕژێمێکی ئایینیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێکخستووە. بەڵام هەم لە مێژووی کوردستاندا ناوەندی سەرهەڵدانی گرنگە، ناوەندێکی زۆر گرنگی هۆشیاربوونەوەی کوردە، مەهاباد ناوەندێکی لەم شێوەیەیە. بەڵام لە مێژووی نوێدا، دوای ساڵی ٢٠٠٠ لە دەوری ئایدۆلۆژیا، فکر، زیهنییەتی ڕێبەرێتی هۆشیاربوونەوەیەک، ڕێکخراوبوونێک دروستبوو. ئەمە بە ڕاستی جێی جۆش و خرۆش و تێڕامانە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی کە دەمەوێت بچم و بیبینم. خاوەن تایبەتمەندییەکی کەلتووریی بەهێزە. ئاستی گەڕان بۆ ئازادیی ژن زۆر بەرزە. ئێوە دەزانن، لە چالاکییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا ژنانی کورد، ژنانی گەنجی کورد لە هەمووان زیاتر پێشەنگایەتییان دەکرد. توانایەکی لەم شێوەیە هەیە. بە ڕاستی سۆسیۆلۆژیاکەی شایەنی تێگەیشتنە.
'ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیەوێت بە هەبوونی خۆییەوە ئازادی خۆی بەدی بهێنێت'
هەر پەیوەست بە پرسی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بە تایبەت ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت هێلین ئومێد وتی: حیسابات زۆرە، یاری و مەرام هەیە لەسەر ئەم ڕاستییە. دەزانن، تەنانەت دوای هێرشەکانی سەر ئێرانیش، ئەمریکا بانگەوازێکی کرد و وتبووی، با کورد بەرەنگار بێتەوە، ئەگەر کورد هێرش بکات دڵخۆش دەبێت. هەر بۆیە سەرەتا سەرنجم بۆ ئەم بابەتە ڕاکێشا؛ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەیلێکی نەتەوەیی دەوڵەتخوازی نییە، کە لە ژێر کاریگەری ڕێبەر ئاپۆ خۆی ڕێکخستن کردبێت، ئەوەی هەیە خواستێکە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی دیموکراسیانە. کورد لە ئێرانیش دەیەوێت ببێتە کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و سیاسەتێکی دیموکراتیکانە پەیڕەو بکەن و بە هەبوونی خۆیانەوە ئازادی خۆیان بەدی بهێنن. سەرەتا ڕژێمی ئێران دەبێ ئەمە ببینێت. بەڵام هەم لێدوانی ئەم دواییەی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک و هەم لێدوانی جیاواز هەبووە. ئەو نموونانەی پێشتر باسم کرد، باس لە بوونی ئاژاوەگێری دەکەن. باسی هاندان دەکرێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ گوزارشتکردن و شێوەدانە بە خواستی کورد.
مەرامەکە ئەوەیە کورد فیرووبدرێت و شەڕ بکرێت و نازانم بکەونە هەڵپەی لێگەڕینی دەوڵەت بوونەوە. بەڵێ ئەمەش لە ئارادایە.
گەر هێرش و کۆمەڵکوژی سەر کوردان لە ئارادابێت و پەرە بە ناکۆکی نێوان گەلان بدرێت، ئەوا کورد ناچار دەبێت بچێتە ناو هەندێک هاوپەیمانییەوە بۆ پاراستنی بوونی خۆی. کورد دەیەوێت لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە. بەڵام حیسابەکە ئەمەیە؛ تا ئەو شوێنەی لێکمداوەتەوە و دەبینم؛ هەوڵێک دەدرێت بۆئەوەی ناکۆکی و شەڕ لە نێوان لێگەڕینی ئازادی و هەبوونی کوردان لە ئێران و فارسدا بخرێتەوە. ئەمە بە مەترسییەک دەبینین. بۆیە دەتوانم بڵێم، ئەو پێکەوە ژیانەی لە تورکیا و سووریا بونیاتمان ناوە، ئەوا هێڵێکی ئینتگراسیۆنی دیموکراتیک بۆ ئێران و دیموکراتیزەکردنی پێویستە. پێویستی ئێران کۆمارێکی دیموکراتیکە.
ساڵانێکە تەڤگەر و ڕێبەرمان گوتومانە دەبێت ئێران دیموکراسی بێت و تەڤگەرەکەمان بەم ئاڕاستەیە کار دەکات. ئەوەی لە ئێستا دەگوزەرێت، بە تەواوەتی ڕێگە بەوەنادات کە مرۆڤ بتوانێت پێشبینییەکی ڕوون بکات و قۆناغەکە بە کوێ دەگات. بەڵام هەندێک ڕووداویش چارەنووس نییە. ڕوونە پلانێک هەیە بۆ ئەوەی کوردان بکەنە قەڵغانێک بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. هەندێک لایەن هەن بۆ ئەم مەرامە بەڵێنی دەوڵەت دەدەنە کورد. شتەکە ڕوونە و هەموو ڕۆژێک لەم بارەوە بانگەشە دەکەن و لە میدیاکانەوە نەخشە دەخەنەڕوو. بەڵام دەمەوێت زۆر بەڕوونی بیڵێم؛ ئەوەندەی لە ڕێبەر ئاپۆ و ستراتیژەکەی تێگەیشتووم؛ وەک چۆن ئەوەی دەوڵەتێکی بچووک "ئیسرائیل" ناتوانێت جوو بپارێزێت، هەمان شێوە دەوڵەتۆچکەی کوردستانیش ناتوانێت گەرەنتی و پاراستنی کوردان بکات.
پەرەدان بە ناسیۆنالیزم مەترسی زیاتر بۆ کوردان دێنێت
بە پێچەوانەوە، بە هاندانی ناسیۆنالیزم لە ناوچەکەدا، هەمیشە کوردان دووچاری مەترسی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، بە دڵیناییەوە ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک تاکە دەرچەیە بۆ دەرچوون لەم مەترسیانە. جا بۆیە دەمەوێت بەڕوونی ئەمە بڵێم، کە پەیوەستە بە تورکیا و ئێران و هەموو ناوچەکەوە، کە وزەی ٦٠ ملیۆن کوردی تێیدا لە جوڵەدایە، گەر ڕێبەر ئاپۆ بە جەستەیی ئازاد نەبێت و ئەم وزەیە بەڕێوەنەبات، ئەوا ئەگەری پەرشبوونی ئەم وزەیە ئەگەرێکی زیندووە و ڕەنگە ئاڕاستەیەکی دیکە وەرگرێت. تاکە گەرەنتی ئەمەش خودی ڕێبەر ئاپۆیە کە ئەم ماتە وزەیەیی بەگەڕ خستووە و هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت بەڕێوەی ببات.
هاوشێوەی تورکیا بۆ ڕووداوەکانی ئێرانیش، ئازادی کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ مەرجە و هەمان پێویستی هەیە. بە ڕوونی دەیڵێم؛ تەنها پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ڕێگە لە شەڕ و ناکۆکی نێوان گەلانی ناوچەکە بگرێت. تاکە هێزێک کە پێش لە هێرشی دەوڵەت نەتەوەکان لەسەر ناوچەکە بگرێت، هێزی ڕێبەر ئاپۆ و پارادایمەکەیەتی.
لە کۆتای قسەکانیدا ئەندامی تەڤگەری ئازادیی کوردستان هێلین ئومێد سەرنجی خستە سەر شەهیدبوونی خەباتکاری ڕاگەیاندنی ئازاد عوسمان کلچ (گوندی) و کادری وڵاتی ئازاد ساڵح موسلیم (باوکی وڵات) و دوای یادکردنەوەیان، دەربارەی میرات و خەباتی هەردوو شەهید گوتی: "ماوەیەک لەگەڵ هەڤاڵ گوندیدا کارم کرد، لە هەر شوێنێک پێویست بوو لەوێ بوو؛ لە کاتی پێویستدا هەواڵی دەنووسی، لە کاتی پێویستدا کاری بیرۆکراتی و دیپلۆماسی دەکرد. هەموو ئەرکێکی گەورە و بچووکی ئەنجام دەدا. کەسێتییەکی خاکی بوو لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیدا. ڕاگەیاندنی ئازاد بە بەهێزکردنی نەریتی ڕاگەیاندنی ئازاد و خەبات و هەڵوێستی ژیان و ئامانجەکانی هاوڕێ گوندی وەڵام دەداتەوە. جارێکی تر بە خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی دەکەمەوە.
بۆ هەڤاڵ ساڵح موسلیمش دەڵێم؛ باوکی وڵات یەکێک بوو لە پایە بنەڕەتییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا. دوای ئاشنابوونی بەڕێبەر ئاپۆ، لە ژێر کاریگەری فیکری ڕێبەر ئاپۆدا، جێگەی پێشەوەی لە تێکۆشانی ئازادی و هەبوونی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا گرت و پەرەی بە هێڵی وڵاتپاریزی دا. لە کاتی جیاوازدا هەلم بۆ ڕەخسا ئاشنایی ببم. خاکی و سادە بوو، بەڵام هێز و وزەیەکی ناوازەم تێدا دەبینی، هێزی قوڵبوونەوە لە ئایدیای ڕێبەرێتی. پارێزنامەکانی زۆر دەخوێندەوە و ڕاوێژی لە بارەوە دەکرد.
هەوڵدانی زۆری هەبوو بۆئەوەی لە کارکردنیدا کرۆکی پارێزنامەکان بنوێنیتەوە. باوکی وڵات جێگەیەکی گرنگی هەیە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستان و بە دڵنیاییەوە جێگەکەی پڕناکرێتەوە. جارێکی دیکە بەڕێزدارییەوە یادی دەکەمەوە.