حکومەتی کاتی سوریا و ئیسرائیل لەسەر ئارامی لە سویدا ڕێکدەکەون

دوای پێکدادانی خوێناوی لە سویدا، حکومەتی کاتی سوریا و ئیسرائیل گەیشتنە ڕێککەوتن، بە نێوەندگیری ئەمریکا، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرژییەکان.

ناوەندی هەواڵ- دوابەدوای هێرشە خوێناوییەکانی ١٣ی تەمووز لە سویدا و دەوروبەری کە زیاتر لە هەزار و ٣٠٠ کەسی لێ کوژران، ئاژاوەی ئەمنی و داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی لێکەوتەوە، پێشهاتە سیاسییە گرنگەکان ڕوویاندا.

ڕۆژی ٢٥ی تەمووز، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی سوریا و وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لەگەڵ نێوەندگیری نوێنەری ئەمریکا لە پاریس کۆبونەوە و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سویدایان تاوتوێ کرد. بە گوتەی ئەو نوێنەرەی ئەمەریکا ئامانجی کۆبوونەوەکە دیالۆگ و کەمکردنەوەی گرژییەکان بووە، ئەمەش سەرکەوتوو بوو.

پێشتریش لە ١٢ی تەمموزدا کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل لە باکۆ بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە بریتییە لە بابەتگەلێکی وەک ڕادەستکردنی دۆسیەی سویدا بە ئەمریکا، کشانەوەی هێزەکانی ئاسایشی خێڵەکی و گشتی لە ناوچەکانی دانیشتووی دروز، پاککردنەوەی ناوچەکان لەلایەن هێزەکانی دروز، پێکهێنانی ئەنجومەنی خۆجێی، داماڵینی چەک لە قونەیترە و دارا، هەروەها قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی دامودەزگاکانی سەر بە حکومەتی کاتی بۆ ناو سویدا (جگە لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان). هەروەها لیژنەیەک بۆ بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەژێر چاودێری ئەمریکادا پێکدەهێنرێت.