بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداری لە برسێتی لە سوریا دەدات

بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، طێژەی برسێتی لە سوریا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرنامەی خۆراکی جیهانی "WFP" ڕۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم، هۆشداریدا، ڕێژەی برسێتی لە سوریا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی ١٢ ساڵە سوریا بووەتە مەیدانی جەنگ و ڕووبەڕووی داڕمانی ئابوری بووەتەوە، هەروەها ٧٠٪ی دانیشتووانی ڕەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا نەتوانن خۆراک بخەنە سەر سفرەی خێزانەکانیان.

 

بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، لە ئێستادا سوریا ژمارە ٦ی ڕیزبەندی نەبوونی ئاسایشی خۆراکە، هاوکات ڕێژەی خراپی خۆراکی منداڵان و دایکەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەزردەبێتەوە.

 

دەیڤد بیزلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی وتی: ئەگەر چارەسەری قەیرانی برسێتی سوریا نەکەین، بارودۆخەکە بە شێوەیەکی ترسناک خراپتر دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم قەیران و برسێتییە دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارە و کۆچبەران، کە لە ساڵی ٢٠١٥ ڕووبەڕووی ئەوروپا بووەوە، وتیشی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمەی دەوێت؟.