هاوشێوەی عەفرین مەترسی داگیرکاری لەسەر باشوری کوردستان هەیە

ڕۆژەڤی گەرم لە باشوری کوردستان بڕینەوەی دارەکان و سوتاندنی دارستانەکانی باشوری کوردستانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، هاوڵاتیانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنرێت لە بێدەنگیمان ڕۆژێک بە هەموو شتێکەوە دەفرۆشرێین.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ناوچەکانی بادینان، زاخۆ و ناوچە سنورییەکانی نێوان باکور و باشوری کوردستان کە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیای لێ جێگیرکراوە، سەرباز و جاشەکان لەو ناوچەیەدا دەستیان کردووە بە بڕینەوەی دارەکان و گواستنەوەیان بۆ تورکیا.

 

ئامانجی دەوڵەتی تورکیاش لەناوبردنی سروشتی کورستان و بە تاڵانبردنی خاک و دارەکانییەتی، بە پێی هەواڵێکی ژنها کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە دەوڵەتی تورکیا لە چیای جودی لە شرناخی باکوری کوردستان دەستی بە بڕینەوەی دارەکان کردووە، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەشی زیاتر لە ٧٠ کەس و ٣٠ تراکتۆری بۆ دابینکراوە، ڕۆژانەش ٤٠٠ تۆن دار دەبڕدرێنەوە.

 

دەوڵەتی تورکیا لە کاتی داگیرکردنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٨دا بە هەزاران داری زەیتونیان بڕیەوە، بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە عەفرین کە بە زەیتوونەکەی بەناوبانگە، ٢٠٢ هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەبووە کە ١٨ ملیۆن داری زەیتونی تێدا چێندراوە.

 

لە ماوەی سێ ساڵدا دەوڵەتی تورکیا لەو شارە ٣١٤ هەزار و ٤٠٠ داری زەیتونی بڕیوەتەوە، بەشێکی دیکەی زەوییەکانیشی سوتاندووە کە ١١ هەزار هێکتار زەوی کشوکاڵی و ١١ هەزار داری زەیتونی لەخۆ گرتبوو.

 

هاوڵاتیان ناڕازین و داوای هەڵوێست لە حکومەت دەکەن

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی داری دارستانەکانی باشوری کوردستان کە دەوڵەتی تورکیا بڕیونیەتەوە و بە گەڵابە و تراکتۆر دەیگوازێتەوە بۆ تورکیا، دەنگدانەوەی زۆری لەناو هاوڵاتیانی باشوری کوردستاندا لێکوتەوە، بۆیە داوا دەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بێنە دەنگ و ڕێگە لە داگیرکاری و لەناوبردنی خاکی کوردستان بگرن.

 

لەو بارەیەوە ڕووناک شوانی، نووسەر و وەرگێڕ دەڵێت: " کەناڵی نەوتەکە ئێژێ (زیاتر لە ساڵێکە حکومەتی تورکیا کۆمپانیای هێناوەتە کوردستان، داری دارستانەکانی دەوروبەری دهۆک دەبڕێتەوە، دەیبات لە تورکیا دەیکات بە قەنەفە و بە پارەیەکی زۆر بە خەڵکی کوردستانی دەفرۆشێتەوە) ئەدی حکومەت و پەرلەمانەکەت کوێر بوونە، چاویان ئەم ئەنفالی ژینگەیە نابینێ؟!

 

لای خۆشییەوە چالاکوان پەروین عەزیز لە پەڕەی فەیسبوکی خۆیدا وێنەیەکی بڕینەوەی داری دارستانەکانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "بێدەنگ نەبوون لە وێرانکردنی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە ئەرکی ھەمووانە".

 

مژدە مەحموود، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنی نەوەی نوێ'ش دەنووسێت: "ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان کە شێرە بۆ خەڵکی کوردستان و ڕێوی تەواویش نیە بۆ دوژمنەکان و بێگانە کوا بۆ هیچ هەڵوێستێکی نیە؟"

هەروەها بانگ لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئێوەی پارتی و یەکێتی کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانتان لەدەستدایە ئێستا چۆن شەرم ناکەن کە ئەم دیمەنانە دەبینن، شەرم ناکەن کە گەنجی خۆمان دێتە سەر شەقام داوای حەقی خۆی دەکات بەڵام ئێوە بە فیشەک وەڵامی ئەدەنەوە و شەهیدی دەکەن، بەڵام نوزەتان لێوە نایەت بەرامبەر دوژمنانی کورد؟".

 

لۆنا دڵشاد مەریوانی، نووسەر و وەرگێڕی گەنج لەو بارەیەوە دەنووسێت: وا هەست دەکەم سووتاندن و بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان لە مۆزەمبیق ڕوو دەدات، نەک لەناو خاکی هەرێمدا وا هیچ بەرپرسێک نایەتە سەر خەت؟ تۆ بڵێیت کۆتایی ئەم ڕێکەوتنە پەنجا ساڵەیە لەگەڵ تورکیادا چی بێت؟ چیی تریش جگە لە نەوت فرۆشراوە؟".

 

ت.پ