"هاوڵاتیانی مەدەنی حكومەتەكەیان و یاسا نێودەوڵەتییەكان نایانپارێزن"

سەنتەری میترۆ بە توندی بە ئامانجگرتنی تیمی چیرا تیڤی و چیرا ئێف ئێم وهاوڵاتیانی سڤیل شەرمەزار دەكات و داوا لە ڕێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەنە سەر حكومەتی توركیا بە ئاراستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ.

ناوەندی هەواڵ

 

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: رۆژی ٨ی تەمووزی هێزی ئاسمانی توركیا لە كۆمەڵگەی تل قەسەبی شەنگال، ڕۆژنامەنووسانی تەلەفزیۆنی چیرا تیڤی و چیرا ئێف ئێمی تێدابوو، كردە ئامانج، لەو هێرشەدا بۆسەر كارمەندانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم، (مەدیا حەسەن كەمال و موراد میرزا ئیببراهیم، خەلەف خیدر بریندار بوون)، موراد میرزا، پەیامنێری كەناڵی چرا ئێف ئێم، لە نەخۆشخانەیەكی

شاری موسڵ لەكاتی نەشتەرگەریدا بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

 

"بەهۆی بۆردومانەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١١ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە"

بە هۆی بۆردوومانی سوپای توركیا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 11 هاوڵاتی مەدەنی گیاییان لەدەستداوە و 9 هاوڵاتیی دیكەیش برینداركراون، هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش رۆڵی تەماشاكەر دەبیینن،

سەنتەری میترۆ، بە توندی سەركۆنەی بە ئامانجگرتنی تیمی (چیرا تیڤی و چیرا ئێف ئێم) وهاوڵاتیانی سڤیل دەكات و داوا لە ڕێكخراوە نێدەوڵەتییەكان دەكات فشار بكەنە سەر حكومەتی توركیا بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، زانیاری و ڕوونكردنەوە لەسەر ڕێكکەوتنی ئەمنی نێوان خۆیان و حكومەتی توركیا بدەن، تا هاوڵاتییان بڕیاربدەن، چی بكەن؟ سەنتەری میترۆ داوا حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، رۆڵی تەماشەكەر نەبینن، هاوڵاتیانیان لە ئاگری ئەم جەنگە بپارێزن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەو هێرشانەی هێزی ئاسمانی و زەمینی سوپای توركیا، بە هیچ شێوەیەك ڕەچاوی ڕێككەوتنی ژنێف ساڵی 1949 نەكراوە كە هەموو بڕگەكانی باس لە پارستنی مافە بنەرەتیەكانی مرۆڤ دەكات لە كاتی سەرهەڵدانی جەنگ و داگیركاری و پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل لە مەیدانی جەنگدا و مافی ئەوانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگ نییەو بەشدارنین تیایدا.