ئامینە شەنیاشار: ئەگەر کوڕەکەم بێتەوە ماڵەوە ئێمەش دەچینە ماڵی خۆمان

بنەماڵەی شەنیاشار کە دوای ٤ ساڵ دۆسیەی نەخۆشخانەیان بۆ ئامادەکرا، ڕایانگەیاند "داواکاری ئێمە بەشێکی جێبەجێکرا"، لە پەیامێکیشدا ئەو دایکە دەڵێت: "ئەگەر کوڕەکەم بێتەوە ماڵەوە، ئێمەش دەچینە ماڵی خۆمان".

ڕەحا

 

ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پەرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لە بەردەم دادگای ڕەحا لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی چالاکیی ئێشکگری بۆ دادپەوەرییان لە ٩ی ئازاری ٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە، ئەمڕۆ لە ٥٨٨ەمین ڕۆژیدا لەبەردەم دادگای ڕەحا و بە دانانی لافیتەی "دادپەروەری بۆ بنەماڵەی شەنیاشار" دەستیان بە ئێشکگری کرد.
 

لەلایەکی دیکەوە لێکۆڵینەوە لە کوشتنی بنەماڵەی شەنیاشار لە نەخۆشخانە کرا و بڕیاری ئاشکراکردنی دۆسیەکە درا و دۆسیەش ئامادەکرا، لە دۆسیەی نەخۆشخانەکەدا، بە تۆمەتی کوشتنی حاجی ئەسڤەت شەنیاشار و عادل شەنیاشار و بریندار کردنی فەریت و محەمەد شەنیاشار، داواکرا ١٩ کەس دەستگیر بکرێن.

 

"ئەگەر کوڕەکەم بێتەوە ماڵەوە ئێمەش دەچینەوە ماڵەوە"

ئامینە شەنیاشار کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان لەبەردەم دادگادا بەردەوامە لە ئێشکگری، یەکێک لە داواکارییەکانیان ئامادەکردنی دۆسیەی کوشتنی هاوژین و کوڕەکەی بوو لە نەخۆشخانە و لەوبارەیەوە وتی: بەشێک لە داواکارییەکەمان جێبەجێ کراوە. داواکارییەکی ترمان ئەوەیە کە فادیلی کوڕم کە زیاتر لە ٤ ساڵە لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، ئازاد بکرێت. کوڕەکەم لە چوارچێوەی مافی ڕەوای بەرگریدا دادگایی بکرێت. من دادپەروەریم دەوێت. کوڕەکەم زیاتر لە ٤ ساڵە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە. با کوڕەکەم ئازاد بکرێت. دوو کوڕەکەم لەگەڵ باوکیان کوژران. ئەوان دەیانویست هەموو کوڕەکانم بکوژن. تا کوڕەکەم نەگەڕێتەوە ماڵەوە واز لە ئێشکگری ناهێنم. ئەگەر کوڕەکەم بگەڕێتەوە ماڵەوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە ماڵەوە.

 

ئەو دایکە باسی لەوەکرد، "دەڵێن تۆماری کامێراکان دزراون، بەڵام من باوەڕم پێی نییە، با تۆمارەکان دەربخەن و سەیری بکەنەوە، ئەگەر منداڵەکانم تاوانێکیان هەیە با ئەوەش نیشان بدەن، لە دۆسیەی کارگەکەدا هەموو شتێکیان بە ڕوونی ئاشکرا نەکرد. منداڵەکانم بە ناڕەوا و نایاسایی کوژران. ستەممان لێ کراوە".

 

"چیتر دوا مەکە"

بنەماڵەی شەنیاشار لە هەژماری میدیایی خۆیان ئەکاونتی بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیایان تاگ کردووە و بڵاویان کردووەتەوە: "هەنگاوی یاسایی سەبارەت بە دۆسیەی ئێمە دەگیرێتەبەر کە هاوڵاتیان خاوەنداری لێدەکەن، لەم کەیسەدا کە سەرەتا وەک کردەوەیەکی نادیار سەیر دەکرا، دوای ٤ ساڵ، ١٤ تۆمەت دوو جار داوایی سزای هەمیشەیی دەکرێت، ئەو دایکە دەیەوێت کوڕە بەناڕەوا دەستگیرکراوەکەی ببات و بچێتە ماڵەوە. چیتر ئەم داواکارییە دوا مەخە... @bybekirbozdag".