ژنانی باشووری کوردستان بەشداری پرسەی ناگیهان ئاکارسەل دەکەن

ئەمڕۆ لە شوێنی تیرۆرکردنی پرسەی شەهیدی تێکۆشەر، ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەڕێوەدەچێت و چالاکوانان، ژنانی ڕێکخراوەکان و ئازادیخوازان بەشداری پرسەکە دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی و لە شوێنی تیرۆرکردنی، پرسەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، بە سەرپەرشتی دەستپێشخەری ژنانی باشوری کوردستان و بە بەشداری ژنان و ئازادیخوازان بەڕێوەدەچێت.

 

لە پرسەکەدا کە کاتژمێر ١٠ی پێشنوەڕۆ دەستیپێکرد و بڕیارە تا ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام ببێت، چالاکوانانی ژن، ڕێکخراوەکانی ژنان و ئازادیخوازان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەشدارییان کرد و دروشمی "شەهید نامرن و بمرێ خیانەت" وترایەوە.

 

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد وتی: بۆ یەکەمین جارە لە تیرۆکردنی ژنێکدا هەموو ژنان پاڵپشتی یەکتر و هاوخەمن، دەبێت بۆ هەمیشە لە پرسەکانی ژناندا پشتوانی یەکتربین و نەفرەت لە تیرۆر بکەین.

 

هەروەها، نەجیبە قەرداخی، ئەندامی ناوەندی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە وتارێكدا وتی: تیرۆرکردنی شەهید ناگيان بۆ ناشیرینکردنی باشووی کوردستان ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی پەڵەیەکی ڕەش بلکێنن بە باشوری کوردستانەوە، شەهید ناگاهان خەونی ئەوەبوو، ئەرشیفی ژنی کورد لە باشووری کوردستان دروست بکات، دژی ژنکوژی.