ساڵانە ٢٠ هەزار کەس بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیان لەدەستدەدەن

نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشیە باوەکان کە ساڵانە لە عێراق ٣٤ هەزار کەس تووشی دەبن و زۆرترینیان شێرپەنجەی مەمکە لە ژناندا.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی ئاسیا لە شاری سلێمانی سیمپۆزمێکی زانستی بە ناونیشانی "هەموومان پێکەوە کار دەکەین بۆ بەرنگاربوونەوەی شێرپەنجە"، بە بۆنەی ٤ی شوبات، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە پێشکەش کرا.

 

لە سیمپۆزمەکەدا هەریەک لە د. ڕۆژان عومەر و د.نەشمیل محەمەد سیمیناریان پێشکەشکرد تیایدا باس لە نەخۆشی شێرپەنجە و هۆکارەکانی زیادبوونی کرا، بە تایبەتی لە ژناندا، هەروەها چۆنیەتی چارەسەرکردنیشی خرایەڕوو، ئاماژە بەوەدرا، ساڵانە ئەم ڕێژەیە بەرەو زیادبوون دەڕوات، لە عێراقدا لە ساڵێکدا نزیکەی ٣٤ هەزار کەس تووشی ئەم نەخۆشیە دەبێت، هەروەها ساڵانە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بەم نەخۆشیە دەمرن، پێشبینی کراوە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ٥ ساڵی داهاتوو نزیکەی ٧٩ هەزار کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت.

 

هەر بەپێی ئەو ئامارانەی لە سیمپۆزمەکەدا خرایەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٠دا زۆرترین ڕێژەی شێرپەنجەی مەمک هەبووە لە ژناندا، لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا لە ١٠٠ هەزار ژندا، ٥٠-٧٣ ژن تووش دەبێت، تەمەنی ژنانی تووشبووش، ٤٠-٥٠ ساڵە.

 

"ژنان زیاتر ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەیان هەیە"

نەشمیل محەمەد، پزیشکی دەرمانساز، ئاماژەی بەوەدا، کە ژنان ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەیان زیاترە بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک، لە ٨ ژن یەکێکیان ئەگەری تووشبوونی بەم نەخۆشیەی هەیە، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی تەمەن، زیادبوونی کیش، خراپی خۆراک دەگەڕێتەوە، وتیشی: دەبێت ژنان بۆ خۆپاراستن پشکنینی پێشوەختە ئەنجام بدەن، کە خۆیان دەتوانن لە ماڵەوە بیکەن، یاخود پشکنینی مەمۆگرافی لەلایەن پزیشکەوە بکەن.

 

"٪٢٥ شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا شێرپەنجەی مەمکە لە ژناندا"

ڕۆژان عومەر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی شێرپەنجە، باسی لە نەخۆشی شێرپەنجە کرد کە سەرەتا لە خانەیەکی بچوکەوە دەستپێدەکات و دواتر چواردەوری خۆی تووشدەکات، "نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشیە باوەکان و ساڵانە ئامارەکان زیاد دەکات و ڕۆژانە لە نەخۆشخانەی هیوا ١٥ بۆ ٢٠ کەس ناویان تۆمار دەکرێت، کە توشبووی تازەن و ٪٢٥ی شێرپەنجەی مەمکە لە ژناندا".