گیان لەدەستدانی گوماناوی و کوشتن لە ئەفغانستان: کارەساتێکی بێدەنگ لە پشت دیوارەکانی توندوتیژی
گیان لەدەستدانی گوماناوی و کوشتن لە ئەفغانستان قەیرانێکی مرۆیی ئاڵۆز بەرجەستە دەکات، کە ڕەنگدانەوەی یاریی نێوان توندوتیژی خێزانی و جیاکاری کۆمەڵایەتی و سنووردارکردنی کولتوورییە.
ئەفغانستان
هۆکارەکانی گیان لەدەستدانی گوماناوی لە ئەفغانستان زیاددەکات، زۆرجار توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، هەراسانکردنی بەردەوام و جیاکاری کۆمەڵایەتییە، وە زۆرێک لە ژنانی گەنج بەدەست سنووردارکردنی توندەوە دەناڵێنن کە ئازادی هەڵبژاردن و مافە تاکەکەسییەکانیان سنووردار دەکات، ئەمەش وایان لێدەکات ڕووبەڕوی فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی توندی خێزانەکانیان یان کۆمەڵگەکانیان ببنەوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە گیان لەدەستدانی گوماناوی زیاتربێت.
لە ڕووی یاساییەوە کوشتنی بە ئەنقەست لە ئەفغانستان تاوانێکی گەورەیە، بەڵام ئەم گیان لەدەستدانانە لە ئەنجامی زۆرەملێی کۆمەڵایەتی یان خێزانییەوە ڕوودەدەن، بۆشایی یاسایی بەرچاو لە ناسینەوە و لێپرسینەوە لە تاوانباران ئاشکرا دەکەن، هەروەها نەبوونی میکانیزمی کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان و گەنجان، لەگەڵ لاوازی سیستەمی دادوەری و کاریگەری نەریتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە تاوانباران لە سزا ڕزگاریان بێت.
ترسی خێزانەکان لە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی، لەگەڵ نەبوونی متمانەی گشتی بە سیستەمی دادوەری، بەربەستێکە بۆ دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوەی یاسایی لەم جۆرە کەیسانە.
دیاردەی کوشتنی زۆرەملێ و گیان لەدەستدانی گوماناوی لە ئەفغانستان پرسێکی ئاڵۆز و فرەلایەنە، لەگەڵ فاکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا تێکەڵ بووە، جگە لەو سەرکوتکردنەی کە تاڵیبان ئەنجامی دەدات، سیستەمی پیاوسالاری و پێکهاتە خێزانییە نەریتییەکان سنووردارکردنی توند بەسەر ژیانی ژناندا دەسەپێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی پەراوێزخستن و زەوتکردنی سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیان.
ئامارەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، ١٠ ژن و ٦منداڵ کوژراون، ٢ ژنیش هاندراوە بۆ خۆکوشتن، بەڵام ئەم ژمارانە بەرجەستەی ڕاستەقینەی کارەساتەکە ناکەن، چونکە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەیسەکانی توندوتیژی و گیان لەدەستدانی گوماناوی بەهۆی ترس لە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی و نەبوونی متمانە بە سیستمی دادوەری و نەبوونی میکانیزمی ڕاپۆرتکردن و پاڵپشتی دەروونی کۆمەڵایەتی بە بێ ڕاپۆرت کردن هەیە.
ڕۆژی ٨ی ئەیلوول لە پارێزگای فەرەح لە تەقینەوەیەکدا پیاوێک و هاوژینەکەی و ٢ کچ و ٢ کوڕیان گیانیان لەدەستدا، ڕۆژی دواتریش، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە پارێزگای زابوڵ بۆ دەربازبوون لە هاوسەرگیری زۆرەملێ بە گوماناوی گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ١٣ی ئەیلوول، ژنێکی گەنج لە پارێزگای فریاب لەلایەن براکەیەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.
لە ١٩ی ئەیلوولدا، پیاوێک لە پارێزگای لاغمان تەقەی لە ژنەکەی کرد و کوشتی، ڕۆژی دواتر تەرمی ٣ کچ لە بیرێکدا دۆزرایەوە، دوای ٢٠ ڕۆژ لە دیارنەمانیان.
لە ٢٣ی ئەیلوولدا، دایکێک و کوڕە ١٥ ساڵانەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە پارێزگای بەلخ کوژران.
ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول ژنێک لە پارێزگای خوست لەلایەن براکەیەوە کوژرا.
ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم، لە ناوچەی شین باغ پیاوێک دایکی و ٢ خوشکەکەی کوشت، ڕۆژی دواتریش، ژنێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە پارێزگای نەنگەرهار لەلایەن هاوژینی خوشکەکەیەوە کوژرا.
لە ٤ی تشرینی یەکەم، منداڵێکی کچی تەمەن ١٧ ساڵ بە گوماناوی گیانی لەدەست دا، دوای ئەوەی براکەی هاوڕێکەی لە پارێزگای سار پۆل کوشت، لە ١٤ی تشرینی یەکەمیشدا، ژنێک لە پارێزگای کاپیسا بەهۆی ئەوەی توشی ئۆتۆمبێلێکی تاڵیبان بوو گیانی لەدەستدا.