گوڵاڵە ئلیاسی بۆ زیندانی ورمێ گواسترایەوە

گوڵاڵە ئلیاسی کە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری لە تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" بە دوو ساڵ زیندان سزاداراوە، بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

گوڵاڵە "نازەنین" ئلیاسی، دانیشتووی شاری مهاباد، ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەم بۆ تێپەڕاندنی سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوێزرایەوە، بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گوڵاڵە ئلیاسی دوای بانگهێشتی دەفتەری جێبەجێکردنی فەرمانگەی شۆڕشگێڕی و داواکاری گشتیی مهاباد، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

 

سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

لە مانگی ئابی ٢٠٢٦، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامی مهاباد بە سەرۆکایەتی ئیحاد سیامی، دادوەر بە تاوانی "کۆبوونەوە و هاوکاریکردن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

پێشتر بە کەفالەت ئازاد کراوە

گوڵاڵە ئلیاسی دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن فەرمانگەی ئیتلاعات لە شاری مهاباد و و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی سەر بە فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ و لەوێ دەستبەسەر کرا، دوای تەواو بوونی پرۆسەی لێپرسینەوە، ڕەوانەی باڵی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا بەڵام ڕێکەوتی ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥ بە دانانی بارمتەی کاتی ئازاد کرا.