گردبونەوەی ژنانی ناڕازی لە سلێمانی
مامۆستایان و فەرمانبەرە ژنەکانی شاری سلێمانی لە پێناو داواکردنی مافەکانی خۆیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا
ناوەندی هەواڵ
لە باخی گشتی شاری سلێمانی مامۆستایان و فەرمانبەرە ناڕازییەکان دژی نابەرپرسیاری حکومەت لە ئاست موچەدا گردبونەوەیەکیان ئەنجام دا، بە دروشمەکانی (ئەم هەرێمەتان دۆشی هەر بە تاڵان فرۆشی، ئامانجتانە یەکجاری نەمانی خوێندەواری، پارتی و یەکێتی و گۆڕان میلەتتان کرد سەرگەردان، یان بەخۆتان بچنەوە یان لەکۆڵمان ببنەوە، بەغداد بۆ خۆتان نیعمەتە بەڵام بۆ میلەت خیانەتە ....) تیایدا داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکرد، مافێک کە حکومەت و دەسەڵات پشتگوێی خستووە، بەجۆرێک ئاستی مامۆستایانی بەتایبەت لە کۆمەڵگادا کەم کردۆتەوە ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕۆشنبیری و ئاگادار نەبوونی کۆمەڵگە لە گەندەڵیە نەبڕاوەکانیان .
بەشداربوان دەنگی ناڕازییان بەرز کردەوە بۆ ئەو ژنانەی لە ماڵەکانیان دانیشتون و داوای مافەکانی خۆیان ناکەن، کە پێویستە هەموو مامۆستایان و فەرمانبەران بێ جیاوازی ڕەگەزی بچنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانی خۆیان بکەن و چیتر بێدەنگ نەبن.
لە گردبونەوەکەدا بەیاننامە لە لایەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و ئەندامی خانمانی ناڕازی سلێمانی مامۆستا سروشت هاواری خوێنرایەوە کە تیایدا هاتبوو:
داوادەکەین بەزوترین کات ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە بدرێنە دادگا، هۆشیاری دەدەین لە شکستهێنانی کەرتی پەروەردەو دابەزینی ئاستی زانست و زانیاری قوتابیان و نەمانی ڕێز و شکۆی مامۆستایان، لە بەشێكی دیکەی بەیاننامەکەیاندا هاتووە، "داوا دەکەین حکومەتی هەرێم ڕەوشی دارای و پێدانی موجە بە فەرمانبەران ئاسای بکاتەوە، ڕێگر بێت لەوەی موچە نەبێتە قوربانی شەڕی سیاسی نێوان حیزبەکان و پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد، خۆپیشاندان بە مافێکی ڕەوای هەموو تاکێک دەزانین بۆیە داوا دەکەین بە زوترین کات مامۆستایانی بەندکراوی بادینان ئازاد بکرێن.
سەیران بەهادین مامۆستا لە شاری کەرکوک بۆ ژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە زۆر گلەیمان لە حکومەت کرد قسەکانمان سوان کۆن بوون ئەوەنە وتمان موچە، داهات، خاڵە سنوریەکان ... من وەک مامۆستیەکی شاری کەرکوک کە موچەکەم لەسەر هەرێمە هەست بە زوڵم ئەکەم هاوڕێکانم کە موچەکانیان لەسەر بەغدادە هەموو مانگێک موچەی خۆیان وەرەگرن و ئێمەش بە لێبڕینەوە موچە وەردەگرین یاخوود هەر وەریناگرین".
سروشت هاواری دەڵێت "بەداخەوە کە ژنان و هاوپیشەکانمان و خێزانی خوێندکاران پاڵپشتمان نەبوون، ئەمە تەنها مافی ئێمە نییە بۆ هەمووانە، هەروەها باسی لەوەش کرد: "لە کاتێکدا کە خوێندنگەکان نییە منداڵان و خوێندکاران لە ماڵەکانیان بە شتی بێسود و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەرقاڵن فێری شتی خراپ دەبن، کەواتە فەسادی ئیداری حکومەت دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی فەسادی ئەخلاقی میلەت.
لە کۆتایشدا خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەدا لە ئەگەری جێبەجێ نەبوونی داواکانیان، مافی خۆیانە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی دیکە بکەن دوور لە توندوتیژی، چونکە داواکانیان داوای ڕەوایە و بۆ ماف و قوتی خۆیانە، وتیان" پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە دەم داواکانمانەوە بێن".