چارشێوی ڕەش و لەچکی نوێژ بۆ گوندی عەلەوییەکان نێردراوە

گوندی تەکپنار لە سەمسور یەکێکە لەو شوێنانەی کە لە کۆتایدا کەرەستەی فریاگوزاری پێگەیشتووە، ژنانی گوندەکە باسیان لەوە کردووە، کە جانتای هاوکارییان پێدراوە کە چارشێوی ڕەش و لەچکی نوێژیان تێدابووە.

مەدینە مەمەدئۆغڵو

 

سەمسور- بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی سەمسور بوو، ٪٦٠ی ناوچەی سەمسور زیانی بەرکەوت، هاوڵاتیان لە گوند و ناوچە دوورە دەستەکان بێبەشن لە کەرەستەی فریاگوزاری، هەرچەندە ١٥ ڕۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئاو لە سەمسور و گوندەکانی نییە و ژنانی گوندەکان ڕایانگەیاندووە، بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە مەترسی نەخۆش کەوتنیان هەیە.

 

هاوڵاتیانی کوردی عەلەوی لە گوندی تەکپنار خۆیان پێداویستییەکانیان دابین دەکەن، لە لایەکی گوندەوە ئاو دەهێنن بۆ ئەوەی بیکوڵێنن و جلەکانی پێ بشۆن تا ڕێگری لە نەخۆشی بکەن، لە سەرەتای بوومەلەرزەکەوە تا ئێستا، لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزارییەوە تا دەگاتە پێداویستییەکانی ژیان، وەک لە زۆر شوێن دانیشتوان بە هەوڵی خۆیان دابینیان کردوون، دانیشتوانی گوندی تەکپنار دەڵێن، ئەو پەڕۆ و فەرش و جلی ژێرەوەی کە بۆیان نێردراون، لەلایەن کارمەندانی فریاگوزاری دەرهێنراون و جیاکاری لە گوندەکانی عەلەوی دەکرێت.

 

منداڵەکانمان بەهۆی کەمی ئاوەوە نەخۆش کەوتن

فاتمە گوندۆغان، دانیشتوویەکی گوندەکەیە و دەڵێت، بەهۆی کەمی ئاوەوە نەیانتوانیوە خۆیان بشۆن، هەر بۆیە منداڵەکانی نەخۆش کەوتوون، "لە یەکەم ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا هیچم لە ماڵەکەم نەهێنا، چۆن لە ماڵەکەمان دەرچووین و خانووەکە ڕووخا، منداڵەکانمان برسی و سەرمایان بوو، هەموومان دوو ڕۆژ لە دەرەوە ماینەوە، دوای چوار ڕۆژ یارمەتی هاتە لای ئێمە. ئێمە چووینە شار بۆ ئەوەی ئەو شتانە وەربگرین کە بۆمان نێردراوە. کەم ئاوی کێشەیەکی گەورەیە، منداڵەکانم نەخۆش کەوتن و ناتوانین و  ئێمە و نە منداڵەکانمان ناتوانین سەرمان بشۆین و جلەکانمان پیسن، چونکە پاککەرەوە و سابوون و شامپۆ نییە، دەترسم ئەسپێ لە قژماندا دروست ببێت.

 

"لە کۆتاییدا هاوکاری گوندەکانی عەلەوی گەشت"

ئوزلەم بۆزان، ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی چوارەمدا پێداویستیان پێگەیشتووە و بەسەر گوندەکانی عەلەویدا دابەشکران و وتی: هیچ شتێکیان نەدا بە گوندی عەلەوییەکان، سەرەتا ئەو کەرەستانەی کە دەهات لە گوندە سوننەکاندا دابەش دەکران، ئێستا پێویستمان بە جلی ژێرەوەی ژنان و سابون و پاککەرەوەیە. هەموومان سێ ڕۆژ لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا خەوتین. ئێستاش خەڵک هەیە لەناو ئۆتۆمبێلدا دەخەوێت، چونکە چادر نییە، هەوڵ دەدەین بە دەرفەتەکانمان لەسەر پێی خۆمان بوەستین، دەوڵەت یارمەتی ئێمەی نەدەدا، خەڵکی دەرەوەی وڵات و هاوڵاتی مەدەنی هاوکاری کردین.

 

"ئەوان شتە پێویستەکانیان بۆ نەناردین"

ئۆزلەم دوندار دوای بوومەلەرزەکە هاتووەتە گوندەکەی خۆی، ئەو دوو بارهەڵگری فریاگوزارییەی کە ڕەوانەی گوندەکەی کراون، پێشتر بردوویانە بۆ مەڕەش و دیلۆک، لەناو ئەو کەرەستانەی کە بۆ هاوکاریکردنیان نێردراوە، پەڕۆی ڕەش و بەرماڵ هەبووە و دەڵێت: هەموو ئەو بارهەڵگرانەی کە بۆ ئێمە نێردرابوون، ڕەوانەی شوێنەکانی دیکە کرابوون، سامسور هیچ شوێنێکی بە باشی نەماوەتەوە، هەموو باڵەخانەکانی وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش هاوکاری زۆر درەنگ هاتە لای ئێمە، لە شارەکانی کوردستانەوە گروپی خۆبەخشی و هاوکاری هاتبوون، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە خەڵکێکی زۆر گیانیان لەدەستدا، هەندێکیان نێژران، هەندێکیان لەژێر وێرانەدا مانەوە، نازانم بە هۆی ئەوەی گوندی عەلەوییە یان چییە، وا یارمەتی پێویستمان پێنەدرا. ئێمە هەماهەنگییەکمان لە گوندەکەماندا کرد و پاشان یارمەتییەکان گەشتنە لای ئێمە.