مەلیکە قەرەگۆزلو، پاش ئەشکەنجەدانی مانی لە خواردن گرتووە

مەلیکە قەرەگۆزلو خوێندکاری زیندانیکراو لە ئێران دوای ئەوەی لەلایەن چەند پیاوێکەوە لێیدرا و ئەشکەنجەدرا، مانی لە خواردن گرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

 پارێزەری ئەو خوێندکارە زیندانیکراوە، مەلیکە قەرەگۆزلو، دوێنێ یەکشەممە ٤ی کانوونی یەکەم، ڕایگەیاند کە مەلیکە لەلایەن چەند پیاوێکەوە لێیدراوە و ئەشکەنجەدراوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم دۆخە مانی لە خواردن گرتووە.

 

مەهمەت عەلی کامفیرۆزی، پارێزەری ئەو خوێندکارە، مەلیکە قەرەگۆزلو، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، ئەو خوێندکارە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دایکی ڕاگەیاندووە، لە نەخۆشخانەی رازی ئامینەباد لەلایەن چەند پیاوێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و ئەویش چووە وەک ناڕەزایەتیەک مانی لە خواردن گرتووە.

 

هەروەها بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو خوێندکارە ڕۆژنامەوانییە لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی ٦٥ ڕۆژ لەمەوبەر دەستبەسەر کراوە و هەرچەندە ١٨ ڕۆژ بەسەر وەرگرتنی لە نەخۆشخانەی دەروونی "ڕازی ئەمین ئاباد" تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا دۆسیەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە.

 

مەهمەت عەلی کامفیرۆزی ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ٧ پزیشکی دەروونی شایەتحاڵی ئەوەیان داوە کە مەلیکە قەرەگۆزلو نەیتوانیووە بەرگەی ئەو سزا و ئەشکەنجەیە بگرێت.

 

سەبارەت بە هەوڵەکانی پارێزەرەکەی بۆ ئازادکردنی مەلیکە، وتی، "بەردەوامی ڕاگرتنی ،ەلیکە لە نەخۆشخانەی دەروونی ئامینەباد نموونەیەکی ڕوونە لە پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان و بەڵگەی ئەشکەنجەدان، دەسەڵات بەرپرسیارە لە ئەشکەنجەدان و هەر شتێک کە بەسەر مەلیکە قەرەگۆزلودا بێت".

 

مەلیکە قەرەگۆزلو پێشتر لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢ لە زیندانی ئێڤین دەستگیرکرابوو، دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حیجابی ناچاری کە تێیدا حیجابەکەی لابردبوو، سەرەتای مانگی ئاب دوای پێدانی کەفالەتی دارایی یەک ملیار و شەش سەد ملیۆن تمەن ئازادکرا.