بەهۆی پاشماوەی شەڕەوە ١٢٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا لە شاری حودەیدە لە یەمەن بە هۆی ڕووداوی مینەوە ١٢٠ هاوڵاتی مەدەنی کە نیوەیان منداڵ و ژنن، گیانیان لەدەستداوە.

یەمەن

 

ڕاپۆرتی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتیوانی لە ڕێککەوتنی حودەید-UNMHA ئاماژەی بەوەکردووە لە ماوەی نێوان مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٤، ٥٥ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ٦٥ی دیکە برینداربوون، ئەمەش لە ئەنجامی ٨٤ ڕووداوی تەقینەوەی پاشماوەی شەڕ لە زیاتر لە ١٠ قەزا لە شاری حودەیدە لە یەمەن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا دەریخستووە کە لە ٪٤٣ی زیانلێکەوتووەکان منداڵ و ژنن، هەروەها ئامارەکان دەریدەخەن کە ژمارەی قوربانیانی منداڵ گەیشتووەتە ٤٤ کەس کە ١٩ کوژراو و ٢٥ بریندارن، هاوکات ٨ ژن کەوتوونەتە خوارەوە و ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣ کەسیش بریندار بوون.

 

شارۆچکەی حالی لە حودەیدە لە پلەی یەکەمی ئەو شارۆچکانەیە زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانیان تێدایە، دوای ئەویش دورەیحیمی، توحەیتا، حەیس و بەیت فەقیح دێن.

 

حودەیدە بە یەکێک لەو شارانە دادەنرێت کە زۆرترین ڕێژەی تەقەمەنی تێدایە، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٢ تا مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو ٥٠٢ زیانلێکەوتووی مەدەنیی تۆمارکردووە، ١٩٢ کوژراو و ٣١٠ بریندار، کە لە ٪٤٣.٥ یان منداڵ و ژن بوون.

 

ئەم ژمارانە دەیسەلمێنن هەوڵەکانی فریاگوزاری مرۆیی لە حودەیدە ناگاتە دەستی هاوڵاتیان، چونکە مینەکان ڕێگری دەکەن لە گەیشتنی هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان پێیەتی، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی دانیشتووان دروستکردووە و ڕێگری لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان دەکەن.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکانی یەمەن کرد هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ پاککردنەوەی ئەو وڵاتە لە مین و تەقەمەنی دیکە، هەروەها هاوکاری پێشکەش بە زیانلێکەتووان و ڕزگاربووان بکەن.