١٠٠ ڕۆژ و شەوە "ژن، ژیان، ئازادی" دەنگ دەداتەوە

خۆپیشاندان کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە تاران، دەستیپێکرد، بۆ ماوەی ١٠٠ شەو و ڕۆژ لە سەرتاسەری وڵات بەردەوامە، هەوڵ دەدرێت چالاکوانان بە هێرش و دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجە بێدەنگ بکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

خۆپیشاندان لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ و شەو بەردەوامە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسەکەمان لە سەرچاوە خۆجێییەکان و تۆڕی هەواڵی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بەدەستی گەیشتووە، کیمیا وەهابیفەر، خوێندکاری بواری ئەندازیاری پیشەسازی لە زانکۆی کوردستان و چالاکوانی مەدەنی دەستبەسەر و دەستگیرکرا و بردرایە بەندیخانەی شارەکە، هەروەها ئەوەش بڵاوکرایەوە کە کیمیا وەهابیفەر پێشتر لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە ڕفێندراوە و لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی نهێنی ئەشکەنجە دراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

 

حکومەتی ئێران بە سەدان مامۆستای سزا داوە

ئەجومەنی هەماهەنگی سەندیکای مامۆستایان لە ئێران ڕایگەیاند کە ١٠٠ مامۆستا لە ڕۆژهەڵاتی  کوردستان بە هۆی ئامادەبوون لە مانگرتن و ناڕەزایەتی قوتابخانەکان و پشتیوانیان، بە تۆمەتی پێشێلکاریی ئیداری تۆمەتبار کراون و زیاتر لە ٣٠٠ مامۆستاش بە هۆی ئامادەبوون لە چالاکی و  مانگرتنەکان بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی سزایی سەرپێچی دراون، ٢-٥ ملیۆن تمەنیش لە مووچەی ١١٠ مامۆستا بڕدراوە.

 

چالاکییەکە ١٠٠ شەو و ڕۆژ بەردەوامە

سەرەڕای هەموو سیاسەتە چەوسێنەرەکانی دەوڵەتی ئێران خۆپیشاندان لەسەر شەقامەکانی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو، لە شەودا و بە بەر باران و سەرماوە  ئاگر کرایەوە و دروشمی 'با ڕژێمی مەلا بڕوات'، 'ژن، ژیان، ئازادی' وترانەوە، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی سنە، سەقز، تاران، کەرەج، ئەسفەهان، مەشهەد، شەهریار، بەندەر عەباس، بابل و شاهینشار بەردەوام بوو، لە تاران ناوەندی سەرەکی و دامەزراوەکانی حکومەتی ئێران سوتێنران.