کەژەکە: پێویستە ژنانی جیهان خاوەنداری لە شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بکەن
کەژەکە ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی تورکیا بە هێرشە لەناوبەرەکانی دژی ڕۆژئاوا بە ڕوونی تاوانی جەنگی ئەنجام داوە، ڕایگەیاند، بانگەوازی ئێمە بۆ ژنان و گەلی ستەملێکراوی جیهان ئەوەیە، کە بە کردار و هەڵوێستەکانیان پشتیوانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بن.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە، کە دەوڵەتی فاشیست و لەناوبەری تورکیا عەقڵیەتی زۆر دڕندەیی داعش لە دژی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکاردەهێنێت.
ڕاگەیاندنی کەژەکە بەم شێوەیەیە:
"دەوڵەتی فاشیستی تورکیا عەقڵییەتی دڕندانە و نامرۆڤانەی داعش بەسەر خەڵکی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێبەجێ دەکات، سادەترین و ڕووتترین ڕاستی سیاسەتی دوژمنی کورد جارێکی تر ئەمەیە؛ گەلەکەمان بە بڕینی خوێنی ژیانی و ناچارکردنی کۆچکردن و ئاوارەبوون و گۆڕینی دیمۆگرافیا کرایە ئامانج. هەموو هێڵەکانی ژیانی کۆمەڵگە بە ئاو و کارەبا و دانەوێڵەوە، کە سەرەتاییترین بەشەکانی ژیانی مرۆڤن، بۆردومان کران و تێکشکێنران، هەموو ئەو شەهیدانەمان لەبیرە کە لە هێرشەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و دڕندەیی و جینۆسایددا گیانیان لەدەستدا و بەڵێن دەدەین کە بە زیندوو ڕاگرتنی یادەوەرییەکانیان لە خەباتەکەماندا، ئەو خەباتەی کە لە پێناویدا شەهید بوون، سەرکەوتوو دەکەین، پرسە و سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی کەسوکاریان و گەلەکەمان دەکەین.
"دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا تاوانی جەنگی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجامدا"
دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا تاوانی جەنگی لە ڕۆژئاوا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەنجامدا، هەموو جیهان چاوی خۆی لەم ڕاستییەدا داخست، ئەوە ڕاستییەکە کە زلهێزە هەژمونییە داگیرکارەکان و دەوڵەت-نەتەوە ستاتۆپارێزەکان بێدەنگ و بێ وەڵامن و پشتیوانی و بەشداری دەکەن لەو هێرشانەدا، تا ڕێگا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان خۆش بکەن، ئێمە وەک گەل و ژن ئەم ڕاستییە دەزانین و ئاگاداریین، بەڵام بێدەنگی و بێباکی ئەو کەسانەی خۆیان بە چەپ و سۆسیالیست و لایەنگری ستەملێکراو ناودەبەن و ئەو گروپ و ڕێکخراو و هێزانەی کە لە پێناو ئەم دۆزەدا خەبات دەکەن، جێگەی شەرمەزارییە و قبوڵ نەکراوە، دیسانەوە هەڵوێستی بەشێک لە حیزب و دەزگاکانی کوردستان بەتایبەتی لە باشووری کوردستان بە ترس و بەرگری لەخۆ قبوڵکراو و دروست نییە، چونکە دیارە لەم دۆخە دوژمنی کورد هەندێکی خستووەتە ناو ترس و بەرگریکردنە لە خۆ و هەندێکیشی خستووەتە ناو خیانەت و هاوکاری دوژمنەوە.
دەوڵەتی تورکی فاشیست بە گیانی شکست هێرش دەکات و تاوانی جەنگی ئەنجام دەدات، منداڵ و ژن و ژنی تەمەن ٦٥ ساڵیان کوشتووە، ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان نەک هەر ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکەین، بەڵکو لە هەر زەمینەیەکیش کە گەل و ژنانی ئێمەی لێیە، ئەرکی خۆمان بەهێزتر جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی بیکەینە ناوچەی خەبات و بەرخۆدان لە دژی ئەم گروپە فاشیستە. جارێکی تر ڕایدەگەیەنین کە گەلی کورد لێپرسینەوە لە کوشتن و وێرانکردنی ناوچەی ژیانیان دەکەین.
"دەوڵەتی تورکیا ژن وەک کۆیلەی شەڕ و ماددی دەبینێت"
لە سەرەتادا هەفرین خەلەف لە ڕۆژئاوا، لە نمونەی ئەو دەیان ژنە بوو کە دەوڵەتی تورک ژن وەک کۆیلەی شەڕ و ماددی دەبینێت، وەک ڕەمزی ڕۆحی داعش دەیبینێت، دیسانەوە لە پڕۆسەی خۆبەڕێوەبردندا دەیان ژن هەن وەک هاوڕێمان ئەکین وان، کە جەستەیان ڕوتکردەوە و دەریانخست، دیمەنی لەم جۆرە لە زۆر ناوچەی ململانێدا دەبینرێت، ئەمە لە شەڕی بەڵکان و شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان و لەم دواییانەشدا لە ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەبینین، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ڕووتی تەرمی ژنە مەدەنی و سەربازییە کوژراوەکان و نمایشکردن و لەپێکردنیان بە شتێکی قبوڵنەکراو دەزانین و ئەمەش جێبەجێکردنی فاشیزم و ئایدۆلۆژیای داعشە.
ئێمە ئەم هێرشە دڕندانەیە بۆ سەر ژنان، هەرکەسێک بن، هەر ناو و ناسنامەیەکیان هەبێت، وەک هێرشێکی فاشیستی پیاوسالاری سەرکۆنە دەکەین و دەڵێین کە پێویستە بەبێ گوێدانە جیاوازییەکان دەستگیر بکرێن و دژایەتییان بکەن، داوا لە هەموو ژنان دەکەین دەنگیان بەرز بکەنەوە و دژایەتی ئەم ناشیرینترین و شەرمەزارترین و نامرۆڤانەترین هەڵوێستی پیاوان بکەن. ڕوونە کە هێرشی جینۆسایدی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، درێژەدان و جێبەجێکردنی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ لە دژی ڕێبەرەکەمانە، ئێمە ڕایدەگەیەنین پێویستە گەل و ژنان و گەنجانمان، هەموو زەمینەیەک وەک زەمینەی پاراستن و خەباتی ڕەوای ببینن و وەڵام بدەنەوە.
"خەبات لە هەموو شوێنێک و لەسەر هەموو زەمینەیەک بەرز بکرێتەوە"
بێدەنگی و بێهەڵوێستی بەرامبەر پیلان و کۆمەڵکوژییەکان شەرمەزارییە، تایبەت لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەوروپا پێویستە خەبات لە هەموو شوێنێک و لەسەر هەموو زەمینەیەک بە گوڕ بکرێت، ئەرکی هەموو نیشتمانپەروەر و مرۆڤێکی کوردە بەو زمانەی لێی تێدەگات وەڵام بداتەوە، لە بەرامبەر سیاسەت و هێرشی لەناوبردنی کورد لە بواری سیاسی و ماددی و مەعنەویدا پێویستە پەرە بە چالاکییە سیاسی و ئابووری و مەعنەوییەکانمان بدەین و بە توندی وەڵامیان بدەینەوە، بانگەوازی ئێمە بۆ ژنان و خەڵکی ستەملێکراوی جیهان بۆ نیشاندانی هەڵوێستێکی بەهێزە، بەرامبەر بەم هێرشە لەناوبەرە، شانبەشانی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا بە چالاکی و هەڵوێستەکانیانەوە بەشداری بکەن و خەبات بکەن.
داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا دەکەین واز لە دووڕوویی بهێنن و سیاسەتی خۆیان کە کورد وەک سەروەت و سامانێکی بەسوود لە دژی دەوڵەتی تورکیا ببینن و دەستبەرداری هەڵوێستی قوربانیدانی کورد لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بن. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەڵوێستە قبوڵ ناکەین.