گفتوگۆیەکی کراوە لەبارەی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ئەنجامدرا

لە گفتوگۆیەکی کراوەدا لەنێوان شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووساندا لێکەوتەکانی جێبەجێنەکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری خرایەڕوو.

سلێمانی

 

ڕێکخراوی بەدیل بۆ دیبەیت بە هاوکاری ڕێکخراوی نیدی ئەمریکی گفتوگۆیەکی کراوەیان لەبارەی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان، کەسانی ئەکادیمی، نوێنەری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان، ڕێکخراوەکان، نوێنەری پەرلەمان، یاساناس و وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەنجامدا.

 

لە گفتوگۆکەدا هەریەک لە بەشداربووان باسیان لە هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی یاساکە کرد، هاوکات گفتوگۆیان لەبارەی ئەوەکرد، کە یاساکە تایبەت نییە بە ڕۆژنامەنووسان و بۆ هەموو هاوڵاتیانە، هاوکات ڕۆژنامەنووسان خۆیان سکاڵا تۆمار ناکەن.

 

ساڤۆ سەردار، پێشکەشکار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر ڕۆتیناتی دادگاکان و زۆری ماوەی کەیسەکان وا لە ڕۆژنامەنووسەکان دەکەن پەنا بۆ سکاڵا تۆمارکردن نەبن، هاوکات یاساکانیش جێبەجێناکرێن.

 

ئەو بە پێویستی دەزانێت کە ڕێکخراوەکان و ڕۆژنامەنووسان فشاربکەن بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر کێشەیەکیشدا بە یاسا مامەڵەبکەن.

 

ئەم گفتوگۆیەی ڕێکخراوی بەدیل ڕێکیخستوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حکومەت"ە.

 

ت.پ