خالیسە داکالی: داننان بە مافی هیوا هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
مافی هیوا پرسێکی یاسایی و مافی مرۆڤە کە لەم ساڵانەی دواییدا کاردانەوەیەکی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی دوای ئەو بڕیارانەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بەو زیندانیانەی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە.
ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- لە ساڵی ٢٠١٤ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارێکی سەبارەت بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرد و بۆی دەرکەوت کە مافی هیوای پێشێل کراوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر ئەو سزایەدا، تورکیا هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی نەناوە.
لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کامپە یاساییەکان، لایەنە سیاسییە دیموکراتیەکان و خەڵک دەستیان بە دەستپێشخەرییەکی زۆر کردووە و داوای جێبەجێکردنی بڕیاری "مافی هیوا"یان کردووە.
لە ٩ تا ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا ١٥٦٣ دانیشتنی خۆی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ستراسبۆرگ ئەنجامدا.
پێش کۆبوونەوەکە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاسایی، لەگەڵ ١٠ سەندیکای پارێزەران، یاداشتێکیان پێشکەش بە لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرد، کە تێیدا داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە تورکیا، هەروەها جێبەجێکردنی بڕیاری "مافی هیوا" سەبارەت بە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی دیکەیان کرد.
پارێزەر خالیسە داکالی، ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی کە یەکێکە لەو ڕێکخراوانەی یاداشتەکەیان پێشکەش کردووە، باسی لە ئاستەنگەکانی بەربەست لە جێبەجێکردنی مافی هیوا و گرنگی دانپێدانانی کرد.
دووپاتیشی کردەوە، کە بەربەستەکانی ڕێگری لە جێبەجێکردنی مافی هیوا لە تورکیا دەرکەوێت کە پەیوەندییان بە یاسا و یاسا ناوخۆییەکانەوە هەبێت، بەڵام هۆکاری بنەڕەتی پشت جێبەجێنەکردنی ئەو مافە ڕەچاوکردنی سیاسییە، وتی: دەتوانرێت بڵێین هۆکاری ڕاستەقینەی جێبەجێنەکردنی مافی هیوا هۆکارێکی سیاسییە، بەو پێیەی لە ماددەی ٩٠ی دەستووری تورکیادا هاتووە، ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیانەی کە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێزی یاساییان هەیە، هەروەها لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان یاسا و یاسا ناوخۆییەکان و بڕگەکانی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، یەکەمایەتی دەدرێت بە بڕگەکانی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
جەختی لەوە کردەوە، کە بەم واتایە، ماددەی ٩٠ی دەستوور دان بە سروشتی پابەندکەری ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و ئەو بڕیارانەدا دەنێت کە لەلایەن میکانیزمە دادوەرییەکانەوە دەردەچن کە لێیانەوە سەرچاوە دەگرن، پێگەیەکی یاسایی باڵایان پێدەبەخشێت لەناو پلەبەندی ڕێسا یاساییەکان، بەو پێیەی تورکیا لایەنێکە لە ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، وەک میکانیزمی دادوەریی ڕێککەوتننامەکە، بەپێی ماددەی ٩٠ی دەستوور بۆ تورکیا پابەندکەرن.
پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان
ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورکیا وەک واژۆکارێکی ڕێککەوتننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەستبەجێ لەگەڵ دەرچوونیان، وتی: بەردەوامی بێدەنگی دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی ١٢ ساڵ، بەپێی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت.
جەختی لەوە کردەوە، هەنگاوی بەپەلە کە تورکیا دەبێت بیگرێتەبەر ئەوەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی دان بە "مافی هیوا"دا بنێت و هەموارکردنی یاسایی پێویست لە پەرلەماندا دەربکات، پێی وایە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و دەستپێشخەریی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە لەلایەن ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە ٢٧ی شوبات دەستیپێکرد.
گرنگی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا
ڕوونیشیکردەوە، بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا سەبارەت بە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان گرنگە، بەو پێیەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە سیستەمی زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ کەرامەت و بەهاکانی مرۆڤدا ناگونجێت، ئەم سزایە کە بە یاسای ژمارە ٥٢٧٥ی تورکیا ڕێکدەخرێت، دوای ئەوەی بە دادگاییکردنێکی نایاسایی پێناسەیکرد، کە بەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێنراوە، وتی: سیستەمی ئێستای جێبەجێکردن دیاری دەکات کە سزاکە تا مردنی زیندانییەکە بەردەوام بێت و هیچ چاودێرییەک یان میکانیزمێکی یاسایی لەخۆناگرێت کە هیچ هیوایەکی ڕاستەقینە بە کەسی سزادراو بدات کە ڕۆژێک ئازاد بکرێت.
"پراکتیزەیەک پێچەوانەی کەرامەتی مرۆڤ"
خالیسە داکالی وتی: دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەبوونی هیچ میکانیزمێک کە ڕێگە بدات سزادراوێک بتوانێت پێداچوونەوە بە سزاکەیدا بکرێت یان هیوای ئازادکردنی لە داهاتوودا پێبدرێت بە پێشێلکردنی ماددەی ٣ی پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ زانیوە، کە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی قەدەغە دەکات.
جەختی لە پێویستی هەموارکردنی یاسایی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم پێشێلکارییە کردەوە، وتی: گرنگی بڕیارەکە لە چەسپاندنی بنەمای ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤدایە لە یاسادانان و ڕێگە خۆشکردن بۆ مسۆگەرکردنی پێگەی یاسایی هەزاران زیندانی سەبارەت بە ئەگەری ئازادکردنیان لە داهاتوودا.
بێدەنگی لێژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا چ واتایەکی هەیە؟
خالیسە داکالی سەرنجی لەسەر ئەوەی بە بێدەنگی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا پێناسەی کرد سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەکە، وتی: ڕاستییەکی ڕوون هەیە، بڕیارنامەیەکی ساڵی ٢٠١٤ سەبارەت بەو پێشێلکارییە دەرچووە، تورکیا دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پێشێلکارییە.
ڕوونیشیکردەوە، لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای ئەوروپا، لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە، تەنانەت نەخشەڕێگایەکی ڕوونیشی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دانەڕشتووە.
"لە هەموو بوارەکاندا بەردەوامین لە هەوڵەکانمان"
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی و ڕێکخراوە دیموکراتیەکانی دیکە چەندین دەستپێشخەریی پەیوەست بە مافی هیوایان ئەنجامداوە و لە ساڵانی پێشوودا نزیکەی هەزار پارێزەر داواکارییەکیان پێشکەش بە داواکاری گشتی بورسا کردووە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت سەردانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بکەن لە زیندانی ئیمرالی.
دووپاتیشیکردەوە، دوایین هەنگاو لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا نرا، کاتێک یاداشتێک پێشکەشی لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا کرا، کە کار و بێکردەوەییەکانی تورکیای بیرخستەوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرپێچی، داوای چالاککردنی میکانیزمەکانی چاودێری و بەدواداچوونیان کرد بە خێرایی.
خالیسە داکالی وتی: ئێمە خەباتمان بۆ ئەم مافە تەنها لە دامەزراوە فەرمییەکان یان لە میکانیزمەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا قەتیس نەکردووە، بەڵکو خەباتمان بۆ مافی هیواخوازی بە پلەی یەکەم بە خەباتێکی کۆمەڵایەتی دەزانین، بەو پێیەی کە تەنها سەبارەت بە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نییە، بەڵکو لە بناغەکەیدا هەڵگری واتای ڕزگارکردنی تەواوی کۆمەڵگەیەک و کردنەوەی ئاسۆی ئازادییە لەبەردەمیدا.
"مافی هیوا خاڵێکی سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی بەربەستە پێکهاتەییەکانی بەردەم ئاشتی”
جەختی لەوە کردەوە، کە پێدانی مافی هیوا بە پێگەی یاسایی تەنها مافێکی تاکەکەسی نییە یان بابەتی پەیوەندیدار بە جێبەجێکردنی سزاکانەوە، وتی: پێویستە بە یاساییکردنی مافی هیوا وەک خاڵێکی سەرەکی سەیر بکرێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە پێکهاتەییانەی کە لە ڕێگەی ئاشتی و چارەسەرێکی دیموکراتیدا وەستاون.
لە تورکیا، بە تایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد، ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە کێشە سیاسی و دیموکراتیەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و کۆدەنگی کۆمەڵایەتییەوە چارەسەر بکرێن، نەک لە ڕێگەی سیاسەتی ئەمنییەوە، لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ڕاستییەی کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت وەک دانوستانکار و ئەکتەرێکی سیاسی کاریگەر لە کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە نزیکەی نیو سەدە بەردەوامە، ڕاستیەکە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە دانپێدانراوە.
دووپاتیکردەوە، بۆیە توانای گەیاندنی بیرۆکەکانی بە جیهانی دەرەوە و پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بەشدارە لە سەرکەوتنی پرۆسەی بەردەوام، وتی: مەرجی بنەڕەتی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە توانای لایەنە جیاوازەکاندایە بۆ دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەش بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، و دامەزراندنی کەناڵی کاریگەر بۆ پەیوەندیکردن لەنێوان خۆیاندا.
پارێزەر خالیسە داکالی، ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: پێدانی مافی هیوا بە پێگەیەکی یاسایی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی متمانە بە بنەمای سەروەری یاسا، هەر بۆیەش ئەم هەنگاوە نەک تەنها بۆ بەهێزکردنی دیموکراتی لە تورکیا، بەڵکو بۆ کردنەوەی ڕێگا بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی زیاتر بۆ گەلانی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگییەکی زۆری هەیە.