"بە ناوی هونەرمەندانی باشوورەوە داوا دەکەین بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا بکرێت"

ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس کرد و بە ناوی هونەرمەندانی باشووری کوردستانەوە داوایانکرد حکومەتی فەرەنسا بکوژ و بکەرانی پشت کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا بکات.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادیی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئیدانەی هێرشی تیرۆریستی فاشیستانی بۆ سەر ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس، کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەم ڕوویدا، کرد و ڕایگەیاند،" ئێمە وەکو خەباتکارانی هونەر و کولتووری کوردی پەیمان دەدەین، کە هەرچەندە هێرشی دوژمنکارانە و داگیرکاری بەهێز و ڕەشتر بن ئێمە مکوڕتر و جەسورتر دەبین لەسەر درێژەدان بە خەباتی کولتووری و نەتەوەییمان".

 

دەقی بەیاننامەی ڕێکخراوی نوێگەر:

ئێمە وەکو ڕێکخراوی نوێگەر بۆگەشەپێدانی هونەری، هێرشی تیرۆریستی فاشیستان بۆ سەر ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس بە توندی ڕسوا و شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی خۆمان لە کەسوکار و هەڤاڵانی شەهیدان میر پەروەر، ئەڤین گویی، عەبدولرەحمان قزل دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، سڵاو و ڕێزی خۆمان بۆ هاوڕێیانی ناوەندی چاند و هونەری ئەحمەد کایا لە پاریس دەنێرین، سەرەخۆشیتان لێدەکەین و پێتان دەڵێین کە ئێمە پشتیوان و هاوڕێگاتانین، ڕێگە بەخۆمان دەدەین بەناوی هونەرمەندانی باشووری کوردستانەوە بانگ لە حکومەتی فەرەنسا بکەین کە بکوژ و هێزی پشت بکوژ لەم کردەوە تیرۆریستیە فاشیستیەدا ئاشکرا بکەن بۆ ڕای گشتی و هەڵوێستی یاسایی و سیاسی دەوڵەتی فەرەنسا نیشانی گەلەکەمان و هاونیشانمانیانی فەرەنسا و جیهان بدەن، هێرشی داگیرکاری و قڕکاری بۆسەر کولتوور و هونەری کوردی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لە ئێستادا بە پیلانگێڕی و سیستماتیک لە دژی هونەر و هونەرمەندانی کورد داگیرکاریەکی توندی کولتووری و نەتەوەیی بەڕێوەدەچێت، ئەو هێرشانەی کەجێبەجێ دەکرێن دڕندەی و ڕاستی پیلانگێڕانی پشت پەردە ئاشکرا دەکەن، بۆیە ئێمە وەکو خەباتکارانی هونەر و کولتووری کوردی پەیمان دەدەین، کە هەرچەندە هێرشی دوژمنکارانە و داگیرکاری بەهێز و ڕەشتر بن ئێمە مکوڕتر و جەسورتر دەبین لەسەر درێژەدان بە خەباتی کولتووری و نەتەوەییمان، پەیام بەداگیرکەران دەدەین کە کولتوور و هونەری کوردی نەک پاشەکشە ناکات، بەڵکو زیاتر پێشدەکەوێت، بانگ لە هونەرمەندان و پسپۆڕانی بواری هونەر و کولتوور دەکەین کە بەدەم یەکێتی نەتەوەیی هونەرمەندانەوە بچن و ئاستی خەباتی خۆیان بەرزتر بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ئاستی ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکاریدا بین.

 

دووبارە شەهیدانی تیرۆرکراوی پاریس لە د.عەبدولروحمان قاسملو تا هەڤاڵان ساکینە جانسز لەیلا شایلەمەز و هەڤاڵ ڕۆژبین بەبیردێنینەوە و سەری ڕێز بۆ شکۆرداری شەهیدان نەوی دەکەین.