سوپای تورکیا لە دهۆک بە زۆرەملێ گوندێکیان بە دانیشتوانەکەی چۆڵ کرد

پاش ئەوەی سوپای داگیرکەری تورک گەیشتنە گوندی دەرگەلێ میسا بەگی لە بناری چیای مەتینا لە شارەدێی کانی ماسێ، بە زۆرەملێ دانیشتووانەکەیان دەرکرد و گوندەکەیان چۆڵ کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی "سی پی تی" ئەمریکی ڕایگەیاند، ڕۆژی ٢٧ی حوزەیران، سەربازانی سوپای تورکیا لە بازگەی تورکیا لە ڕێگەی "کانی بەلاڤێ"وە چوون بۆ ناو گوندی دەرگەلێ میسا بەگی لە بناری چیای مەتینا لە شارەدێی کانی ماسێ.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سوپاسی تورکیا بە دانیشتووانی گوندەکەیان وتووە، ئەگەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا گوندەکە چۆڵنەکەن، ئەوا بە هێز پێتان چۆڵ دەکەین و گوندەکە بۆردوومان دەکەین.

 

سی پی تی ئاشکرای کردووە، بە ناچاری گوندنشینان دەستیان بە چۆڵکردنی گوندەکە کردووە و لە ٢٨ی حوزەیران بە تەواوی چۆڵکرا.

 

ئەوەش لەکاتێدایە بەگوێرەی ئەو وێنە و بەڵگانەی کە بۆ ڕۆژنیوز نێردراون، سوپای داگیرکەری تورک، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا داوای هاوکارییان لە خەڵکی ناوچەکە کردووەو، پڕۆشەر و پۆستەریان لە ناوچەکە بڵاو کردەوە کە لەسەری نووسراوە، "بە هاوکاری ئێوە ئەمنییەتی ناوچەکە توندتر دەکەینەوە و چاوەڕوانی پشتیوانی ئێوەین."