خانزاد ئەحمەد: کەموکوڕی زۆرە و پێویستە زیاتر پشتگیری ژنان بکرێت

خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد لە باشووری کوردستان هێشتا کەموکوڕی زۆرە و پێویستە زیاتر پشتگیری ژنان بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢ی ئادار، لە سێیەم ڕۆژی دووەمین کۆڕبەندی هەولێر لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "ڕۆڵی ئافرەت لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاتێک لەم کۆڕبەندەدا، بابەتی ژنان لەگەڵ تەوەرە سیاسییەکانی دیکە دەخرێنە بەرباس، بە مانای ئەوەیە تەوەری ژنانیش، بابەتێکی سیاسییە، وتیشی: کارکردن لە پرسی ژنان ناکرێت لە پرسەکانی دیکە جیابکرێتەوە و پرسی ژنان پەیوەستە بە هەموو پرسەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگە.

 

"لە سەرهەڵدانەکان بەڵێن بە ژنان دەدرێت و لە کاتی سەقامگیری لەبیر دەکرێن"

خانزاد ئەحمەد ئەوەیخستەڕوو، لە سەرهەڵدانەکاندا کەمتر باس لە یەکسانی جێندەری و ڕۆڵی ژنان کراوە و ئەگەر لە هەندێک جاریش باس لە بابەتی یەکسانیی جێندەری و مافی ژنان کرابێت، ئەوە پێویستی بەوە بووە ژنان و بزووتنەوەی ژنان بتوانن ڕۆڵێکی کارایان بۆ قۆناغی گواستنەوە هەبێت، وتیشی: ئەو بەڵێنانەی کە لە کاتی سەرهەڵدان و قۆناغی گواستنەوە لەسەر یەکسانی جێندەری و مافی ژنان دەدرێن کاتێک بە سەقامگیری گەیشتن، لەبیر دەکرێن، بە بۆچوونی من، بۆ ژنان ئەستەم نییە هاوپەیمانەکانی خۆیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆیان بخەنە ئەجێنداکانی حکومەت و کاری هاوبەش بکەن.

 

خانزاد ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کورستان بایەخێکی زۆر بە پرسی ژنان دراوە، بەڵام هێشتا ئاستەنگی زۆر دەبینرێت و وتی: ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دامەزراوە حکومییەکان، حزبی سیاسی و پەرلەماندا هەن، بەڵام بە بۆچوونی من، بەشداری ژنان لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی بێ کەموکوڕی نییە و پێویستی بە پشتگیرییەکی زیاتر هەیە.