لە دژی گۆشەگیری کەمپەینی واژۆکردن بەردەوامە

کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، کە بە دەستپێشخەری گەل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ٢٢ی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە، بەردەوامە.

قامیشلۆ

 

لە دورگەی ئیمڕاڵی گۆشەگیریی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کە داهێنەری فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە بەڕێوەدەچێت، بەو مەبەستە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، دەستپێشخەری ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکرد، هەڵمەتەکە سەرتاسەری شارەکان دەگرێتەوە.

 

"١٠٢ لیژنە لە قامیشلۆ واژۆ کۆدەکەنەوە"

دڵشا شاویش، بەڕێوەبەری پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی: گەل گۆشەگیریی تەواوی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ ناکات و دەستبەجێ دەیەوێت زانیاری ڕوون لەبارەی دۆخیەوە بزانێت، هاوکات دەمانەوێت دەوڵەت ڕێگە بدات پارێزەرەکانی چاویان پێبکەوێت، لەم بنەمایەوە دەستپێشخەریی گەل دەستی بە کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە کردووە، بێگومان ئەم هەڵمەتە لە گەڕەک و کۆبوونەوەکانەوە دەستپێدەکات و بەرفراوانتر دەبێت، ١٠٢ لیژنە لەقامیشلۆ بۆ کۆکردنەوەی واژۆ ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر، ماوەی ٢٤ ساڵە سەرۆک ئاپۆ بە نادادپەروەری لە زینداندایە و گەلی ئازادیخواز ئازادی سەرۆکی خۆی دەوێت.

 

"خەڵک بە پەرۆشییەوە پێشوازی لەم کەمپەینە دەکەن"

دڵشا شاویش، ئاماژەی بەوەکرد گەل بە پەرۆشییەوە پێشوازییان لەو کەمپەینە کرد و وتی: "لیژنەکانمان ماڵ بە ماڵ بۆ کۆکردنەوەی واژۆدا دەگەڕێن، خەڵک بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لەو کەمپینە دەکەن، سەرۆک ئاپۆ کارێکی گەورەی کرد بۆ ئازادی هەموو پێکهاتەکان، بۆیە گەل لەم چالاکییە نزیک دەبنەوە، واژۆکان کە کۆدەکرێنەوە ڕادەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان  دەکرێت، پێشتر چەندین چالاکی ئەنجامدراون، بەڵام بەداخەوە هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە، هیوادارین ئەم هەڵمەتە ئەنجامی باش بهێنێت و لە نێوان خۆماندا ڕێبەری ئاپۆ بە ئازادی ببینین".

 

"ئازادی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر دەکات"

مەنال فەخری، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی گەنجانی بنەماڵەی شەهیدان، لە پێکهاتەی عەرەب، کە بە بیرۆکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەر بووەو بە پێشەنگی خۆی دەبینێت، بەشێکە لە لیژنەی واژۆ کۆکردنەوە، ئاماژەی بە کارەکانی بۆ ئازادیی هەموو ژنان کردو وتی: "کەمپینەکەمان هەفتەیەکی تێپەڕاند و ئەنجامێکی باش دەبینرێت، هەموو ئەو دامودەزگا و دامەزراوانەی کە دەیانەوێت ئازادی رێبەر ئاپۆ ببینن، چالاکییان ئەنجام دا، سەرۆک ئاپۆ زۆر شتی فێرکردین، ڕاستە کە نەمانبینوە بەڵام پەرتوک و تێڕوانینەکانی کاریگەریەکی زۆری لەسەر ئێمە هەبوو ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانێکی مەزنی بە تایبەتی بۆ ئازادیی ژنان لە هەموو پێکهاتەکان بەرپاکرد، سەرۆک ئاپۆ سەرکردەی هەموو مرۆڤایەتییە و ئەمەش بۆ من وەک ژنێکی عەرەب زۆر مانادارە، بیرۆکە ئازادەکەی لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، ئێمە ئازادی جەستەیی ئەومان دەوێت".