نازیلا مەعروفیان بەهۆی چاوپێكەوتنی لەگەڵ باوكی ژینا ئەمینی سزا درا

فشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان بەردەوامی هەیە و نازیلا مەعروفیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی بەهۆی ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ باوكی ژینا ئەمینی، دەستگیرکرابوو، سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

نازیلا مەعروفیان، ڕۆژنامەنووس، دوای كوژرانی ژینا ئەمینی، چاوپێكەوتنی لەگەڵ باوكی ژینا ئەنجام دابوو، ڕۆژی ٣٠ تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر كرابوو، دوێنێ ٢٨ی کانوونی دووەم، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

 

بەپێی زانیارییەكان بەدەر لە سزای زیندانی کردن، نازیلا مەعروفیان بە بڕی ١٥ ملیۆن تمەن سزای دارایی دراوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵیش، چوونە دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە كراوە.

 

نازیلا مەعروفیان تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵكی شاری سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، وەک ڕۆژنامەنووس کار بۆ ماڵپەڕی هەواڵی “ڕوویداد ٢٤” دەکات، سزادانی نازیلا لە كاتێكدایە، لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا، لانیكەم ٧٥ ڕۆژنامەنووس لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون.