جولەمێرگ، هاتوچۆی گوندەکان بەپێی کات و بردنی خۆراک سنوردار دەکرێت

گوندی ناوچە شاخاوییەکانی جولەمێرگ لەژێر فشاردان و بە ناوی "ئاسایش"دا کاتی هاتوچۆ بۆ گوندەکە بەپێی کاتژمێر سنوردار دەکرێت، ڕێگە بە هاوڵاتیانیش نادرێت پێداویستی خۆراکی زۆر و پەین بۆ ماڵەکانیان ببەنەوە.

جولەمێرگ

 

ئامەد، وان، ماردین، جولەمێرگ، شرناخ، سێرت و چەندین پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان لە ساڵانی ١٩٩٠ەوە لەژێر فشاری دەوڵەتدان، گوندنشینان ڕووبەڕووی سوتاندنی گوندەکان و کۆچبەرکردنی زۆرەملێ، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و چەندین هێرشی دیکە دەبنەوە، بەڵام هاوڵاتیان سەرەڕای فشارەکان ناوچەکانیان چۆڵناکەن.

 

جولەمێرگ کە بە "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" ڕاگەیەندرا، دانیشتوانەکەی ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە، دەیان گوندی ناوچەی چەلێ و شەمزینان و گەڤەر هەر ١٥ ڕۆژ جارێک لەلایەن پارێزگاری جولەمێرگەوە بڕیاری سنوردارکردنی هاتووچۆی تێدا دەدرێت و بەپێی کاتی دیاریکراو دەتوانن بچنە گوندەکە و لێی دەربچن، هەروەها ئەو پێداویستیانەی کە دەیکڕن ڕێگە بە هەمووی نادرێت ببرێتە گوندەکەوە، ئەم دۆخە لەسەر گوندە سنورییەکان زیاتر چڕ دەکرێتەوە.
 

ناوچە سنورییەکانی لای ئێران و عێراقەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەڕێوەدەچێت و لە سەر ڕێگاکان زۆرترین بازگە و خاڵی پشکنینی تێدا دانراوە، لە چەلێ کە دەکەوێتە سەر سنوری ئێران هەمان دۆخ هەیە و هاوڵاتیانی گوندی کایالیک لە چەلێ بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی ناوچەکەوە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان نەکرد.

 

گەمارۆی هاوڵاتیان دەدرێت لە گوندەکاندا

هاوڵاتییەک ئاماژەی بەوەدا، ئەو کەسانەی کە مۆڵەتیان هەیە ڕێگەیان دەدرێت بچنە ناو گوندەکەوە، لە کاتژمێر ٥:٠٠ی پاشنیوەڕۆوە هاتوچۆ قەدەغە دەکرێت و تا بەیانی ڕۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت، وتیشی: کاتێک نەخۆشێکی بەپەلە بوونی هەبێت، دەبێت پەیوەندی بە بازگەکانی سەروو بکرێت ئەوکاتە ڕێگە بە ئامبولانس دەدرێت بچێتە ناو گوندەکە، هێنانی پێداویستی خواردن و خواردنەوە بۆ ناو گوند زەحمەتە، ڕێگە بە یەک کیسە ئارد دەدرێت کە ببرێتە ناو گوند، ئەگەر خواردنی زیادە ببەین پێمان دەڵێن ئەوانە بۆ کێ دەبەن، قەدەغەیەکی دیکە کە خراوەتە سەر گوند بردنی پەینە، بە بیانووی ئەوەی کە تەقەمەنی پێدروست دەکرێت ڕێگە نادەن گوندنشینان پەین ببەن بۆ زەوییەکانیان.