لە هەولێر ژنێک بە تێزاب سووتێندرا و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە

لە هەولێر ژنێک لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا بە تێزاب سووتێندرا و تائێستا هیچ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەستگیر نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقڵیەتی پیاوسالار هەموو ڕێگاکانی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان بەکاردەهێنێت و تێزاب کە ماددەیەکی سووتێنەرە بۆ سووتانی ژنان و تێکدانی شێوەی ڕووخسار و لەشیان بەکاردێت و زۆرجار دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی ژنان.

 

دوێنێ، ١٣ی کانوونی دووەم بڵاو کرایەوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، ژنێک لەبەردەم ماڵەکەیدا تێزابی پێدا کراوە و بەهۆیەوە ٢٠%ی لەشی سووتاوە.

 

بەپێی زانیاریەکان، بەزۆریی تێزابەکە کراوە بە ڕووخساری ژنەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سنگیشی سووتاوە، لە ئێستاشدا لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێرى تایبەت بە سووتاویی چارەسەر وەردەگرێت و دۆخی تەندرووستی جێگیرە.

 

بە وتەی کەسە نزیکەکانی ژنەکە، گومان لێکراوی سەرەکی ئەو تاوانە هاوژینەکەیەتی، کە خۆی یاخود لە ڕێگەی کەسێکەوە ئەنجامی دابێت.

 

ئەو ژنە تەمەنی ٤٠ ساڵە و دایکی دوو منداڵە و خەڵکی شاری هەولێرە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر تایبەت بە سووتاویی و دەزگا ئەمنییەکانیش ڕوونکردنەوە بدەن و زیانیاری زیاتر لەبارەی ڕووداوەکەوە ئاشکرا بکەن.