دڵۆپاندنی گوڵەکان نەریتێکە ژنانی مەغریب بە زیندووی هێشتوویانەتەوە

"گوڵدانی مەغریب" نەریتێکی ژنانەیە، کە هەموو ساڵێک بە هاتنی وەرزی بەهار دەستپێدەکات و ژنانی مەغریب ئەم کەلەپوورە کولتووری و شارستانیە دەپارێزن.

رەجا خەیرات

 

مەغریب- "گوڵدانی مەغریب" نەریتێکی کولتووریی و ژنانەیە، کە ژنانی مەغریب تا ئێستا دەیپارێزن، ١١یەمین چالاکی وەرزی "دڵۆپاندنی گوڵ" کە ناونراوە "گوڵدانی مەغریب" لە ڕۆژی ١١ی ئادار لە مەغریب لەلایەن کۆمەڵەی مۆنیا بۆ پاراستنی کەلەپوورەوە ڕێکخرابوو.

 

مەلیکە عەبادی، سەرپەرشتیاری پڕۆسەی دڵۆپاندن کە لە بارەگای کۆمەڵەی "مۆنیە بۆ پاراستنی کەلەپوور" بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەکرد کە ژنانی مەغریب و فاس و مەکەنس و تەتووان و شارە کۆنەکان پڕۆسەی دڵۆپاندنی گوڵ ئەنجام دەدەن، لە مانگی ئاداردا دەستپێدەکەن و بۆ ماوەی چوار هەفتە یان زیاتر بەردەوام دەبێت.

 

ژنان میراسی ئەم کولتوورەن

سەبارەت بە میراسی ئەم نەریتە ساڵانەیە مەلیکە عەبادی وتی: ژنان لە مەغریب ئەم کەلەپوورە کولتووری و شارستانیە دەپارێزن و دەیگوازنەوە بۆ نەوەکانی دواتر، چونکە بەستنەوەی گوڵەکان پێویستی بە زانینی هونەری مەغریبی ژیان و گواستنەوەی کارامەیی میراسی هەیە بۆ فیربوونی.

 

لەسەر چۆنیەتی کۆکردنەوەی گوڵەکان ئەوەی خستەڕوو کە لە وەرزی بەهاردا دەستپێدەکات بە دروێنەکردن و کۆکردنەوەی گوڵ لەناو باخ و باخچەکانەوە کە لە شار بڵاوبوونەتەوە، ئەم گوڵانەی کە کۆدەکرێتەوە لە بازاڕی بۆن "عەتر" لە شاری کۆندا نمایش دەکرێت.

 

مەلیکە عەبادی وتیشی: ژنانی مەغریب بە تاک یان بەکۆمەڵ کار دەکەن بۆ ئەوەی گوڵەکان جیا بکەنەوە و پاکیان بکەنەوە، پاشان بۆ ماوەی دوو سێ ڕۆژ لەسەر قوماشی پاک دایدەنین تا گوڵەکان کەمێک وشک دەبنەوە و ئاوی زیادەیان پیوە نامێنێت، بەم شێوەیە لە کاتی دڵۆپاندن دەتوانرێت زەیتی لێوە بەدەستبهێندرێت.

 

ئەم نەریتەی کە ژنان دەیان سەدەیە لە لەناوچونیان پاراستووە، ئەمڕۆ بووەتە جێی سەرنجی زۆرێک لە شارەزایان و ئەکادیمیستەکان و توێژەران و بۆن دروستکەران، "مۆنیە بۆ پاراستنی کەلەپوور" بازنەیەکی گرنگی خۆی فراوان کردووە و زیاتر لە ١٠ ساڵە کاردەکات بۆ ئەوەی گوڵدانی مەغریب وەک میراسێکی زیندوو بمێنیتەوە.