سزایەکی سێدارە ئاڵۆزی لە زیندانی قائمشەهر دروستکرد

زیندانیانی زیندانی قائمشەهر بەرامبەر سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانییەک و گواستنەوەی بۆ جێبەجێکردنی سزاکە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٨ی کانوونی یەکەم، زیندانیانی زیندانی قائمشەهری شاری مازندەران، دوای ئەوەی زیندانییەک سزای لەسێدارەدانی بەسەرداسەپێنرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی بۆ لەسێدارەدان، ناڕەزایەتییان دەربڕی و نائارامی دروستبوو.

 

لەکاتێکدا سەرۆکی دادوەریی مازەندەران ڕایگەیاندووە، کە پێکدادانی زیندانەکە لە بەندینخانەی ١ی زیندانی بووە و ئەو ململانێیەش لەنێو زیندانییەکاندا بووە، سەرچاوە خۆجێییەکان هەواڵی بیستنی تەقەیان لە زیندانەکە داوە.

 

لە سەرەتای خۆپیشاندان و ڕاپەرینە سەرتاسەرییەکانی ئێرانەوە، لە زیندانەکانی ئەوین، کەرەج و قائمشەهر زیندانیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە دۆخی هەڵگرتنی زیندانیان و دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆیان.

 

لە لایەکی دیکەوە لە کاتی گردبوونەوەیەکی زیندانیانی زیندانی ناوەندی کەرەج دوای گواستنەوەی گروپێک لە زیندانییەکان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدا، زیندانییەک گیانی لەدەستدا و دەیان کەسیش برینداربوون.